مالیكی بەڵگەی لەسەر ساختەكردن لە ئیمزاكانی وەرگرتنەوەی متمانە نییە

گوتەبێژی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی رایگەیاند، نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڵگەی لەسەر بوونی ساختەكاری لە ئیمزاكانی كە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەتەكەی كۆ كراونەتەوە و ئێستە لای سەركۆمارە، پێ نییە و ئاماژەی كرد، هیچ لایەنێكی یاسایی لەبارەی بوونی ساختەكاری لە ئیمزاكاندا نییە.
هادی زاڵمی گوتەبێژی بزووتنەوەی ویفاقی نیشتمانی رایگەیاند، لایەنی یاسایی لەبارەی بوونی ساختەكاری لە ئیمزاكانی وەرگرتنەوەی متمانە لە حكوومەت نییە، چونكە نووسی رەسمی نین و لەلایەن سەركۆمارەوە مایەی پابەندبوون نییە.
گوتیشی، سەرۆك وەزیران بەڵگەی لەسەر ساختەكردن لە ئیمزاكان لا نییە، بەو پێیەی ئیمزاكان رادەستی سەركۆمار كراون.
لەلایەكی دیكەشەوە لیستی عێراقییە رایگەیاند، گومانكردن لە ئیمزای ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق هیچ بەهای نییە و ئاماژەی كرد، كۆكردنەوەی ئیمزا رێوشوێنی دەستووری نییە، بگرە بۆ گەیاندنی بۆچوونی پەرلەمانتارانە بۆ سەركۆمار كە ویستی متمانە وەرگرتنەوەیان هەیە.




