٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گرووپی مۆسیقای بێسارانی لە پرۆژەیەکی ھونەریدا یادی ئەنفالدا دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر- تایبەت بەKDP.info/ گروپی مۆسیقای بێسارانی بە سپۆنسەری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان، لە شارەکانی ھەولێر، سلێمانی، سۆران و کەلار لە یادی 25ساڵەی کارەساتی ئەنفالدا، گەشتێکی ھونەری بە ناونیشانی (زریکەی کۆچ)لە چەند شارێکی ھەرێمی کوردستان ساز دەکات.

سەرپەرشتیاری گرووپی بێسارانی کامەران حەسەن بە kdp.infoڕاگەیاند، ئەم گەشتە ھونەرییە کارکردێکی موزیکییە لەسەر دەقی (رەنگدان)ـی شاعیر شێرکۆ بێکەس، گوتیشی :رەنگدان دەقێکی بەرزی شیعری کوردییە و رۆچونە بەناو چەند وێستگەیەکی مێژویی شاعیر و نەتەوەی کوردا، لەرێگەی تێڕوانینە خودییەکانی "شێرکۆ"وە بۆ رەنگ و مەوداکانی بینین.

رونیشیکردەوە، شیعری رەنگدان ئازارەکانی ئەنفال تەمورە دەھێنێتە ژەنین و رەزمەکانی دەف رەنگە لم لێنیشتوەکانی سەحرا دەھێنێتەوە خرۆش و پێکەوە گۆرانییەک دەڵێن بۆ مانەوە، مانەوەی نەتەوەیەک کەخستیانە ناو ئاگرەکەی ئیبراھیمەوە، مقاوەمەت و رۆحییەتی رەسەنی مرۆڤانەی ئاگرەکەی سارد و سەلامەت کرد.

کامەران حەسەن لە بارەی گرووپی "بێسارانی"یەوە گوتی، گروپی بێسارانی ساڵی 2005دامەزراوە، زیاتر لە 10کۆنسێرتیان لە ناوە و دەرەوەی کوردستان سازکردوە، بۆ ئەم کارەیان جگە لە ژەنیارانی ھەرێمی کوردستان، چەند ژەنیارێک لە رۆژھەڵاتی کوردستانەوە بەشدار دەبن.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، خۆی کاری ئاوازدانان و دابەشکردن و سەرپەرشتی گروپەکە دەکات و شیعرەکان لە لایەن ھەماوەند لھۆنییەوە دەخوێندرێن.

بەرنامەی کۆنسێرتەکان بەم شێوەییە، کاتژمێر چواری ئێوارەی رۆژی 3نیسان/ ئەپرێل لە ھۆڵی کۆنفرانسەکان لە شارۆچکەی سۆران، لە کاتژمێر چواری ئێوارەی 5نیسان/ ئەپرێل لە ھۆڵی بۆنەکان لە شارۆچکەی کەلار، کاتژمێر پێنجی ئێوارەی 6نیسان/ ئەپرێل لە ھۆلی تەوار لە شاری سلێمانی و کاتژمێر پێنجی ئێوارەی 7نیسان/ ئەپرێل لە ھۆڵی میدیا لە ھەولێر پێشکەش دەکرێت و ھاتن بۆ ھەمووان.

گروپی بێسارانی تا ئێستا ئەم کۆنسێرتانەیانە پێشکەش کردووە، کۆنسێرتی "زایەڵەی تەمورە" لە ساڵی 2008لە ھەولێر و وھەڵەبجە، کۆنسێرتێکی موزیکی لە ساڵی 2009لە ھەولێر، بەشداریکردن لە فیستیڤاڵی کلتوری فاس لە وڵاتی مەغریب لە ساڵی 2009، لە ساڵی 2010دوو کۆنسێرتی جیاوازی بە ناوەکانی "نەوای تەمورە" و "ئەم ماَلە چۆڵە" لە ھەولێر پێشکەش کردووە، لە ساڵی 2012لە فیستیڤاڵی نەورۆز لە شاری کارکۆف لە پۆلۆنیا بەشداربووە، ئەلبوومی "رێگای مەستان"ـی بەم زووانە بڵاو دەکاتەوە.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار