جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لەگروپی كارسازانی شاری میلانۆی ئیتالی كرد

ئەمرۆ چوار شەممە 27/3/2012 دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لەگروپی كارسازانی شاری میلانۆی ئیتالی كرد كە لەشەش كۆمپانیا پێكهاتوون و لەبوارەكانی ئاوەدانكردنەوەی رێگاوبان و دروستكردنی خانوو بوارەكانی تەندروستی و پەروەردە و كارەبا كار دەكەن.
لەدیدارێكدا شاندەكە خۆشحاڵی خۆیان دەربری كە یەكەمین جارە سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن و سەرسامی خۆیان بەو سەقامگیری و پاراستنی ئەمنیەت و سەرو ماڵی هاووڵاتیان نیشاندا و ئامادەیی خۆیان دەربڕی بۆ ئەوەی بەپێی پسپۆرێتی خۆیان لە هەڵمەتی گەشەپێدان و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان بەشدار بن.
لەلایەن خۆشیەوە دكتۆر حەسەن محەمەد سوورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان خۆشحاڵی بەدیداری شاندەكە نیشانداو هیوای خواست لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پەیوەندی بكەن و بتوانن لەهەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەو گەشەپێدان دا بەشداری كارایان هەبێت و سوود لەیاسای وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان وەربگرن كە دەرفەتێكی باش بۆ كۆمپانیاكان دەرەخسێنێ بۆ كاركردن.
هەر لەدیدارەكەدا جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پوختەیەكی مێژوویی لەبارەی هەرێمی كوردستان و هەوڵە هەنووكەییەكانی بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی لەرووی سیاسی و دیبلۆماسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی لەگەڵ وڵاتانی پێشكەوتووی دیموكرات خستە روو هیوای خواست كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا سوود لەو دەرفەتە وەربگرن بەتایبەتیش كە گەلی ئیتاڵیا هەمیشە وەك دۆستی گەلی كورد لەگەڵ ئێش و ئازارەكانمان ژیاون و ئێستا كاتی هاتووە بەشێوەیەكی فراوان لەئاوەدانكردنەوەی كوردستان بەشداری بكەن.




