نێچیرڤان بارزانى و ئه‌ردۆغان ڕه‌وشى ناوچه‌كه و پرسى كورد له توركیا تاوتوێ ده‌كه‌ن

ئێواره‌ى دوێنێ دووشه‌ممه 25ى ئازارى 2013، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان؛ له لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان – ى سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیاوه له ئه‌نقه‌ره پێشوازى لێ كرا.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا كه عیماد ئه‌حمه‌د جێگرى سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان ئاماده‌ى بوو، ڕه‌وشى ئێستاى ناوچه‌كه به گشتى و عیراق به تایبه‌تى و دوایین پێشهاته‌كانى سه‌ر گۆڕه‌پانى سیاسیى عیراق و په‌یوه‌ندییه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا قسه و باسیان لێ كرا و تیشك خرایه سه‌ر چۆنیه‌تیى په‌ره‌پێدانى زیاترى په‌یوه‌ندییه ئابوورى و بازرگانییه‌كانى نێوان توركیا و عیراق به گشتى و هه‌رێمى كوردستان به تایبه‌تى. هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا هه‌ردوولا ئاماده‌ییان نیشان دا بۆ ئه‌وه‌ى ده‌ست به كردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌یه‌كى دیكه‌ى سنوورى له نێوان هه‌رێمى كوردستان و توركیادا بكرێت و له هه‌ردوولاوه ڕێكارى تایبه‌ت بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بگیرێته به‌ر.
پرسى كورد له توركیا و ئه‌و پرۆسه‌یه‌ى كه بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئاشتیانه‌ى پرسه‌كه ده‌ستى پێ كردووه، لایه‌نێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو. له‌مباره‌یه‌وه نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان به ده‌سپێكردنى پرۆسه‌ى ئاشتى خۆشحاڵه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتگیرى له چاره‌سه‌ركردنى ئاشتیانه‌ى پرسه‌كه ده‌كات، له‌م پێناوه‌شدا بۆ هه‌موو هاوكارییه‌ك ئاماده‌یه و هیواى خواست پرۆسه‌كه بگاته ئه‌نجامى خوازار و كۆتایى به شه‌ڕ و توندوتیژى بێت، هه‌موو لایه‌كیش به جددى كار بۆ ئاشتى و چاره‌سه‌رى ئاشتیانه بكه‌ن و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ى كه بۆ ئاشتى و چاره‌سه‌رى هاتووه‌ته ئاراوه، بقۆزنه‌وه.
لاى خۆیه‌وه سه‌رۆك وه‌زیرانى توركیا سوپاسى هه‌ڵوێستى هه‌رێمى كوردستانى له پشتگیریى پرۆسه‌كه و هه‌وڵه‌كانى بۆ گه‌یشتن به ئه‌نجامێكى باش و چاره‌سه‌رى و به‌دیهاتنى ئاشتى و ئارامى كرد، ڕۆڵى هاوكارى و پشتگیریى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیشى له پرۆسه‌كه‌دا؛ به گرنگ و ئه‌رێنى له قه‌ڵه‌م دا.
له ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، باس له ڕه‌وشى سووریا و ڕووداو و پێشهاته‌كانى كرا و هه‌ردوولا نیگه‌رانیى خۆیان له به‌رده‌وامیى ئاڵۆزبوونى ڕه‌وشى وڵاته‌كه و به تایبه‌تیش فراوانبوونى به‌رده‌وامى مه‌ینه‌تییه مرۆییه‌كان و زیادبوونى ڕۆژانه‌ى ڕێژه‌ى په‌نابه‌ران ده‌ربڕى، جه‌ختیشیان له‌سه‌ر پێویستیى دۆزینه‌وه‌ى ڕێگه‌چاره‌یه‌ك بۆ كۆتاییهاتنى شه‌ڕ و پێكدادان و ڕێگه‌گرتن له‌و مه‌ینه‌تییه مرۆییه‌ى گه‌لى سووریا تێى كه‌وتووه؛ كرده‌وه.




