نوری مالیكی بانگێشتی پەرلەمان دەكرێت

بەغدا- تایبەت بە kdp.info / بەپێی راگەیەنراوێكی بەڕێوەبەرایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كە لە ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەن بە زمانی عەرەبی بڵاوكراوەتەوە ئەمڕۆ لە بەغدا كۆبوونەوەیەك لە نێوان سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆكی كوتلەكانی ئەنجقومەنی ناوبراو بەڕێوەچووە و جگە لەوەی چەند پرسێك باسكراوە، بڕیاریش دراوە بۆ بانگێشتكردنی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیر و بەرپرسانی باڵای ئەمنی عێراق لە دانیشتنی رۆژی دووشەمەی ئایندە.
لە راگەیەنراوەكەدا كە كۆپیەكی بە زمانی عەرەبی دەست kdp.info كەوتووە تیایدا هاتووە: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەمە بە سەرپەرشتی و ئامادەبوونی ئوسامە نوجێفی سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و سەرۆك و نوێنەری كوتلە سیاسییەكان كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە هەمواكردنی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی ئەنجوومەنی خزمەتگوزاری و بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنبار ئەنجام دراوەو گفتوگۆ لەمبارەیەوە لەنێوان ئامادەبووان كراوە.
هەروەها لە بەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا هاتووە: لەمیانەی ئەو كۆبوونەوەیەدا بڕیادراوە كە رۆژی دووشەمەی ئایندە بانگێشتی هەریەك لە نوری مالكی سەرۆك وەزیرانی عێراق و وەزیر و بەرپرسانی باڵای ئەمنی عێراق بۆ پەرلەمان بكرێت بەمەبەستی گفتوگۆ كردن لە بارەی بارودۆخی ئەمنی عێراق و هەروەها رۆژی شەمەی ئایندەش بانگێشتی هەریەك لە ئەندامانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و سەرۆكی لیژنەكانی پارێزگاكانی ئەنبار و نەینەوا و هەردوو پارێزگاری نەینەوا و ئەنبار بۆ دانیشتی ئەو رۆژە بكرێت بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگ و هەنوكەیی.




