٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەبارەی كردەوە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی قەزای دوزخورماتوو، لیستی برایەتی و پێكەوەژیان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

بە ناوی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی ناو لیستی برایەتی و پێكەوەژیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەریەك لە (رەشید خورشید حەسەن) ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین و (قادر علی نعێمی) سەرۆكی ئەنجوومەنی قەزای خورماتوو دەكەین. كە لە رووداوێكی تیرۆریستیدا لە شاری خورماتوو شەهید بوون و هەروەها هیوای زوو چاكبوونەوە بۆ (شەلال عەبدول ئەحمەد) قایمقامی قەزای خورماتوو دەخوازین كە لەو رووداوە تیرۆریستییەی شاری خورماتوو بریندار بوو.
دیارە تیرۆریستیان لە كاری ناڕەوای خۆیان لە ناوچە دابڕێنراوەكان ناكەون و هەمیشە هەوڵدەدەن، بە هۆی كردەوە چەپەڵەكانیان،  درز بخەنە برایەتی و پێكەوەژیانی ناوچەكە. لە هەمان كاتدا ترس و تۆقین لە ناو هاوڵاتیان بڵاو بكەنەوە و دەزگاكانی حكومەت و ئیدارەی ناوچەكەش بكەنە ئامانجی كردەوە قێزەونەكانیان.
ئێمە لە لیستی برایەتی و پێكەوەژیان، نەك هەر بەم كردەوە تیرۆریستییانە لە خەباتی دیموكراسی و پێكەوەژیانمان پاشگەز نابینەوە، بەڵكو سورتر دەبین لەسەر دیموكراسی و پێكەوەژیان و خزمەتكردنی سەرجەم پێكهاتەكانی هەموو ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان. وەك چۆن جەخت لەوەش دەكەینەوە، كاروانی ئاوەدانی و گەشەی زیاتری كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری بە كردەوەی تیرۆریستان ناوەستێت.
لە كۆتاییدا لیستی هاوپەیمانی برایەتی و پێكەوەژیان دووبارە ئیدانەی توندی كردەوە تیرۆریستییەكەی ئەمڕۆی قەزای خورماتوو دەكات.

ئەندامانی لیستی برایەتی و پێكەوەژیان:
1-    یەكێتی نیشتمانی كوردستان.
2-     پارتی دیموكراتی كوردستان.
3-     حزبی شیوعی كوردستان.
4-     یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان.
5-     بزووتنەوەی گۆڕان.
6-     حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان.
7-     كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان.
8-     حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان.

هەواڵی پەیوەندیدار