لەدژی دواخستنی ھەڵبژاردنەکان پارێزگاری موسڵ لە دادگای فیدرالی سکاڵا تۆمار دەکات

موسڵ- تایبەت بەKDP.info/ سەعید مەموزینی بەرپرسی راگەیاندنی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە KDP.infoراگەیاند: دوای ئەوەی حکوومەتی عێراق ھەڵبژاردنی لە ھەردوو پارێزگای موسل و ئەنبار دواخست، ھەموو لایەنە سیاسییەکان دژی ئەم بڕیارەی حکوومەتی عێراق بوون و بەیاننامەیان دژی بڵاوکردەوە.
سەعید مەموزینی گوتیشی: ئێمەش وەک لیستی برایەتی و پێکەوە ژیان کە لە ھەشت پارتی کوردی پێکدێت بەیاننامەیەکمان بڵاوکردەوە و تێدا نارەزایەتی خۆمانمان دژی بڕیاری دواخستنی ھەڵبژاردنەکان نیشان دا.
مەموزینی گویشێ: پارێزگاری موسڵ ئەسیل نوجەیفی دژی دواخستنی ھەڵبژاردن لە پارێزگای موسڵە و سکاڵای لە دادگای فیدراڵی تۆمارکردووە.
بڕیار بوو لە 20مانگی نیسانی ئەمساڵ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، بەڵام بەبیانوی نالەباری رەوشی ئەمنی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری دا ھەڵبژاردن لە ھەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنبار بۆ ماوەی شەش مانگ دوابخرێت، ئەمەش بۆتە ھۆی ناڕەزایی زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی عێراق.




