٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جارنامەی شۆڕشی شێخ سەعید ئاشكرا كرا

سەرچاوە: KDP.info

تورکیا -  KDP.info/  رۆژی دووشەممە مێژووناسی ناوداری تورك موراد بەرداغچی رایگەیاند كە دوای لێكۆڵینەوەیەكی بەرفراوان توانیویەتی جارنامەی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و كۆمیتەی رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان لە ساڵی 1920دا ئاشكرا بكات.

موراد بەرداغچی ئاماژەی بەوە كردووە كە لەم جارنامەیەدا بە زمانێكی توند رەخنە ئاراستەی حكوومەتی توركیا كراوە و پێشێلكردنی مافی گەلی كورد لە لایەن حكوومەتی توركیاوە بە تاوانێكی دژە مرۆڤایەتی وەسف كراوە.

موراد بەرداغچی لە درێژەی لێدوانەكەی خۆیدا باسی 4 خاڵی سەرەكەی ئەم جارنامەیە كردووە و گوتوویەتی: جارنامەی شۆڕشی شێخ سەعید و كۆمیتەی رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان لە 4 خاڵی سەرەكە پێكهاتووە و ئەم خاڵانەش بریتن لە

-          كۆمیتەی رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان گرێدراوی هیچ لایەنێك و هیچ دەوڵەتێك نییە و كۆمیتەیەكی سەربەخۆیە و ئامانجی بە دەستهێنانی مافی رەوای گەلی كوردە. ( دەبێت سنوورە ناوخۆییەكانی كوردستان بە مەبەستی خزمەتی كردنی گەلی كورد لە لایەن كۆمیتەیەكی سەربەخۆیەوە دەستنیشان بكرن، دەبێت لە نێو سنوورە ناوخۆییەكاندا زمانی كوردی زمانی رەسمی بێت، دەبێت كارمەندانی ناوچە كوردییەكان هەر هەموویان كورد بن، دەبێت هێزە ئەمنییەكان لە لایەن كوردانەوە بەرێوەببرێن و هەر هەموویشان دەبێت كورد بن، دەبێت لە نێو سوپای گشتیدا ئەفسەر و سەربازە كوردەكان بە زمانی كوردی راهێنانیان بۆ بكرێت و زمانی كوردیش لە نێو سوپای گشتیدا وەكو زمانی رەسمی بەكار بهێنرێت.

-          تا ئەو كاتەی كە هەر هەمووی مافە رەواكانی گەلی كورد بە دەست دەخرێن شەڕ بەردەوام دەبێت و بەرپرسیاریەتی ئەو خوێنەیش كە دەرژێت لە ئەستوی حكوومەتی ئانقەرادایە.

-          كۆمیتەی رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان ئامادەیە بە مەبەستی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد لە كاتە ساتی پێویستدا دەست بە دانوستان بكات.

-          بە پێ ئەو خوێنەی كە دەرژێت بێگۆمان داواكارییەكانی گەلی كوردیش زۆرتر و گرانتر دەبن.

 

هەواڵی پەیوەندیدار