٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی و شاندی یاوه‌ری به‌شدارییان له‌ ڕێوڕه‌سمێكی پێشوازی كرد كه‌ له‌ لایه‌ن سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیاوه‌ ساز كرابوو

سەرچاوە: KDP.info

له‌ چوارچێوه‌ی به‌شداریكردنی له‌ كار و چالاكییه‌كانی كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان كه‌ له‌ ئیستانبول به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 5ی حوزه‌یرانی 2012 نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری به‌شدارییان له‌ ڕێوڕه‌سمێكی پێشوازی كرد كه‌ له‌ لایه‌ن ڕه‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان – ی سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیاوه‌ له‌ سه‌ر شه‌ره‌فی گه‌وره‌ شاند و میوانانی به‌شداری كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهان له‌ ئیستانبول ساز كرا.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا دووباره‌ خۆشحاڵیی خۆیان به‌ به‌شداریی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌دا نیشان دا و داكۆكی له‌ سه‌ر گرنگیی ئه‌م به‌شدارییه‌ و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان له‌ بواری ئابووری و وزه‌دا كرایه‌وه‌.

له‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كی به‌رچاوی به‌شداربووانی كۆڕبه‌نده‌كه‌ له‌ سیاسه‌توان و ئابوورناس و ئه‌كادیمی و ڕۆژنانووس و میدیاكاران، ڕه‌وشی ئابووری و ڕۆڵ و توانای هه‌رێمی كوردستانی له‌ به‌رهه‌مهێنان و دابینكردنی وه‌زه‌ و ده‌ركه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانیی وزه‌ تاتوێ كرد.

له‌م دیدارانه‌دا جه‌خت له‌ سه‌ر ڕۆڵی گرنگی ئابووری و چالاكیی كه‌رتی تایبه‌ت له پته‌وكردنی سیسته‌می سیاسی و به‌ره‌وپێشبردنی ڕه‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی كرایه‌وه‌ و نێچیرڤان بارزانی ئه‌زموونی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی له‌ بره‌ودان به‌ ڕه‌وشی ئابووری و كاركردن له‌گه‌ڵ كه‌رتی تایبه‌ت به‌ سه‌ركه‌وتوو له‌ قه‌ڵه‌م دا و ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی گرنگی كه‌رتی تایبه‌ت له‌مباره‌یه‌وه‌ ‌ كرد.

شایانی باسه‌ شاندی یاوه‌ری سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌شدارییان له‌ چه‌ندین پانێلی جیاجیای كۆڕبه‌ندی ئابووریی جیهاندا كرد و تیشكیان خسته‌ سه‌ر ڕه‌وشی ئابووری و په‌ره‌پێدانی كه‌رتی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو گه‌شه‌سه‌ندنی ئابووریی هه‌رێمی كوردستاندا ناویه‌تی.

بڕیار وایه‌ هه‌ر ئه‌مشه‌و نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و شانده‌ یاوه‌ره‌كه‌ی كه‌ له‌ د.ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كان و د.عه‌لی سندی وه‌زیری پلاندان و فه‌لاح مسته‌فا به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێك دێت، بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌ولێر.
 

هەواڵی پەیوەندیدار