٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

3 هەزار و 300 هاووڵاتی ئێرانی لە دەرەوەی ئێران زیندانی كراون

سەرچاوە: KDP.info

ئێران – KDP.info/ رۆژی دوو شەممە وەزیری دەرەوەی ئێران عەلی ئەكبەر سالحی رایگەیاند كە زیاتر لە 3 هەزار و 300 هاووڵاتی ئێرانی لە وڵاتانی جیاجیادا زیندانی كراون و ئەم رێژەیەیش رۆژ لە دوای رۆژ لە زیاد بووندایە.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەكرد كە بە مەبەستی ئازادكردنی ئەم هاووڵاتییە ئێرانییانە كە لە لایەن وڵاتانی بیانییەوە زیندانی كراون وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەوڵی زۆری داوە و تا ئێستایش توانیویەتی ژمارەیەكی بەرچاو لەو گیراوانە ئازاد بكات و بیانگەڕێنێتەوە بۆ ئێران.

سالحی جەختی لە سەر ئەوە كردەوە كە تا ئێستا زیاتر لە 700 هاووڵاتی ئێرانی لە زیندانەكانی وڵاتانی دیكە ئازاد كراون بەڵام ژمارەی گیراوەكانیش رۆژ لە دوای رۆژ لە زیاد بووندایە.

لە لایەكی دیكەوە دوو مانگ لەمەوبەر ئەندامی كومسیۆنی ئەمنیەتی پەرلەمانی ئێران محەمەد حەسەن ئاسفەری ئاماژەی بەوە كردبوو كە زیاتر لە 5 هەزار ئێرانی لە دەرەوەی ئێران زیندانی كراون و بەرپرسی بەشی بالیۆزخانەكانی ئێران لە پارلەمانی ئەو وڵاتە حەسەن قەشقاوی هۆكاری زیندانی كردنی ئێرانییەكانی لە دەرەوەی ئێران بۆ ساختەكاری لە بەڵگە رەسمییەكان و بازرگانی كردن بە ماددە هۆشبەرەكان لە قەڵەم داوە و وتوویەتی لە سەدا 80ی ئەو هاووڵاتییە ئێرانییانەی كە لە وڵاتانی بیانیدا زیندانی كراون بازرگانی كردن بە ماددە هۆشبەرەكان و ساختەكاری كردن لە بەڵگە رەسمییەكانە.

 

هەواڵی پەیوەندیدار