٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆك بارزانی هەمیشە دووپاتی لەسەر وەگەڕخستنی پرۆسەی ئاشتی و سەرخستنی لە توركیا كردۆتەوە

سەرچاوە: KDP.info

لەدیمانەیەكیدا لەگەڵ كەناڵیCNN TURK هێمن هەورامی بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی تیشكی خستەسەر چەندین پرسی گرنگی ئەمڕۆ كوردستان و پێشكەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا و ئەنجامی ئەرێنیی پرۆسەكە و ڕۆڵی سەرۆكی كوردستان و پارتی لەپێشخستنی و یارمەتیدانی پێشخستنی بەشێوەیەكی دروست و سەركەوتوو.
هەنگاوێكی ئەرێنی
هەورامی نیشانیدا ڕاگەیاندنی پەیامی ئاشتی لەلایەن پەكەكەوە هەنگاوێكی پێویستی ئەرێنی بوو بەتایبەتی لەكاتی ئێستادا و گوتی: ئاشتی و ئاشتەوایی هیوای هەر كەسێكە وهەموو كەسێكیش كاری بۆ دەكات ئێمەش وەكو هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی بەردەوام پاڵپشتیمان لەهاتنەدیی ئەو ئامانجە كردووە، پەیامەكەی ئەمڕۆی بەڕێز دەمیرتاش كە لەدوای دیداری ئەوان لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلاندا هات بۆ ئێمە و هەموو ئەو لایەنانەی خوازیاری ئاشتین زۆر گرنگ بوو، لێرەدا بەم بۆنەیە من دەمەوێ پیرۆزبایی گەرم لە بەڕێز ڕەجەب تەییب ئەردۆگان بكەم بۆ ئەو پێشكەوتنە و سوپاسیشی بكەم، ئێمە ئاگاداری ئەو هەنگاوانەین كە بەڕێزیان لەم پێناوەدا دەینێت و دەستخۆشیی ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی سەركەوتووی ئەم پرۆسەیەی لێدەكەم و هەرێمی كوردستانیش هەردەم ئەوەی لەبەرچاوە كە حكوومەتی بەڕێز ئەردۆگان ئەم هەنگاوەی بەجیددی ناوە.
سەرۆك بارزانی لایەنگری ئاشتییە
هەورامی دووپاتیكردەوە سەرۆك بارزانی هەمیشە لایەنگری ئاشتییە و پاڵپشتیی ئاشتی دەكات، نیشانیشیدا بەڕێزیان لەمبارەیەوە هیچ كاتێك بێدەنگ نەبووە و گوتی: سەرۆكی بارزانی هەمیشە دووپاتی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە ئەوەی لەدەستی ئێمە بێت بۆ وەگەڕخستنی پرۆسەی ئاشتی و سەرخستنی دەیكەین و درێغیی لەبارەوە ناكەین و ئێمە هەمیشە ویستوومانە ببینە بەشێك لەچارەسەر و بووینەتە بەشێك لەچارەسەرێكی ئاشتیانەی سەركەوتوو، نزیكەی سێ دەیەی پێشوو ئەوەی سەلماندووە كە پرسی كورد لە توركیا پرسێكی سیاسییە و هیچ پرۆسەیەكی سەربازی ناتوانێت چارەسەریی بكات، توندوتیژی هیچ كاتێك چارەسەریی ئەو مەسەلەیە ناكات و زمانی چەك ئیدی كۆتایی پێهاتووە و ناكرێ لەو سەردەمەی ئێستادا پەنای بۆ ببردرێت، سەرۆك بارزانیش هەمیشە دووپات لەسەر ئەم چارەسەرییە دەكاتەوە و ئامۆژگاریمان دەكات بەو ئاراستەیەدا بڕۆین.
پرۆسەكە گرنگترە
بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پارتی دووپاتیكردەوە پرۆسەكە و سەركەوتنی پرۆسەكە لەهەموو شتێك گرنگترە و كۆبوونەوەكان لەهەر كوێیەكدا بن گرنگتر ئەوەیە سەركەوتووبن و گوتی: كۆبوونەوە و دانیشتنەكان لەهەولێر یان ئیمڕاڵی قەوارە جوگرافییەكە لەلای ئێمە هیچ گرنگ نییە، بەڵكو ئەوە گرنگە هەموو لایەكمان بگەینە ئاستێكی بەرزی چارەسەریی ئاشتیانە وەك چۆن هەمیشە سەرۆك بارزانی و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان دووپاتی لەسەر دەكاتەوە. ئێمە وەكو هەنگاوی یەكەم بیر لە مەسەلەی ئاگربەست دەكەینەوە و ئەوە لای ئێمە لەهەموو شتێك گرنگترە و ناچینە نێو وردەكارییەكانی دیكەی پلانەكە. ئاگربەستیش لێرە تەنها لەسەر پەكەكە نییە، بەڵكو پێویستە سوپای توركیاش چەك دابگرێت و بێگومان نەتەوەیەكگرتووەكانیش ڕۆڵی لەمبارەیەوە لەیاد ناكرێت ئێمە سوپاسیان دەكەین.
ئێمە فاكتەری سەقامگیرین
هەورامی ئەوەی نیشاندا هەرێمی كوردستان پەیامەكەی ڕوون وئاشكرایە بەوەی كە هەمیشە ئەو فاكتەری سەقامگیری بووە بۆ ناوچەكە بەگشتی و بۆ گەیشتنی پرسی كورد بە چارەسەرییەكی ئاشتییانەی دوور لە زمانی چەك و توندوتیژی، هەروەها گوتی: پەیامی ئێمە هەمیشە دووپاتی لەسەر چارەسەریی سیاسیی ئاشتیانەی پرسی كوردی لەتوركیا دەكردەوە بۆ ئەوەی سەقامگیریی ناوچەكە هەمیشە پارێزراو بێت، ئێمە وەكو هەرێمی كوردستان هەمیشە بەوە تاوانبار دەكراین كە لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە هەڕەشەین و فاكتەری ناسەقامگیرین، بەڵام ئێمە بەكردەوە سەلماندمان كە دۆست و دراوسێیەكی باشین و هەموو كەناڵەكانی پەیوەندیمان لەگەڵ توركیادا بەهێزكرد بەتایبەتی لەڕووی بازرگانی و وەبەرهێنانەوە، ئێستا هەرێمی كوردستانیش دووەمین گەورە بازاڕە بۆ توركیا، ئەمە جگە لەهەبوونی كەناڵێكی بەهێزی گەشتیاری، لەساڵانی پێشوودا زیاتر لە یەك ملیۆن كورد سەردانی توركیای كردووە و وەبەرهێنەرانی توركیا هەمیشە سەردانی كوردستان دەكەن و بەوپەڕی ئازادییەوە كاری وەبەرهێنانی خۆیان ئەنجامدەدەن، ئێمە هەمان پەیماممان ئاراستەی برایانی كوردمان لە توركیادا كرد چ لەپەرلەمانتاران و چ لەبرایانی دیكەمان بەوەی ئێستا سەردەم گۆڕاوە و سەردەمی چەك و توندوتیژی نەماوە و پێویستە هەموومان ئەو هزر و بیرە كۆنانەی لەمێشكماندا هەبوو بیگۆڕین. من جارێكی دیكە دەستخۆشی لەپارتی داد و گەشەپێدان دەكەم بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسەیە و هیوادارم سەركەوتنی زیاتر بەدەستبهێنێت.
بەراوردی بارودۆخ لەنێوان ڕابردوو و ئێستادا
هەورامی نیشانیدا ئەم مەسەلەیە تەنها ئەركی توركیا نییە بۆ سەرخستنی، بەڵكو پێویستە پەكەكەش ئەركی خۆی لەمبارەیەوە ببینێت و گوتی: ئەوەی كە زۆر پۆزەتیڤە ئێستا پەكەكە زۆر شتی كۆنی خۆی گۆڕیوە، پرسی كورد بەچەك چارەسەر نابێت و ناگاتە هیچ ئەنجامێك، ماوەی30 ساڵە بەچەك مامەڵە لەگەڵ ئەم مەسەلەیە دەكەین چیمان قازانج كرد؟ خوێنی زیاتر ڕژا و تەنها زەرەرمان كرد. بەڵام ئێستا سەیری قازانج و دەستكەوتەكان بكەن، سەیری قبووڵكردنی یەكتر لەنێوان كورد و تورك، لەهەموویشی گرنگتر ئازادكردنی8 دیلی تورك كە لەلایەن پەكەكەوە دەستگیركرابوون خزمەتێكی زۆری بەمەسەلەكە گەیاند. ئەو مەسەلەیە جاران نەبوو و ئێستا شتێكی ئاساییە و بێگومان هەنگاوی دیكەیشی بەدواوە دێت و ئەوەی لەتواناماندا بێت لەمبارەیەوە ئێمە درێغی ناكەین. ئێمە كار بۆ چەسپاندنی ئاشتی دەكەین و دەمانەوێ فرمێسكی چاوی دایكانی كورد و تورك بسڕینەوە.
ئایا پەكەكە چەك دادەنێت؟
هەورامی لەبارەی چەك دانان و دانەنانی پەكەكە گوتی: من بەناوی پەكەكەوە قسە ناكەم و ئێمە كۆنتڕۆڵی پەكەكە ناكەین، بەڵكو ئێمە باس لە باشترین چارەسەری بۆ مەسەلەكە دەكەین بەوەی كە سەردەمی چەك كۆتایی پێهاتووە و دەبێ چەك دابندرێت و چارەسەریی سەربازی نامانگەیەنێتە ئامانج، ئاگربەستی یەك لایەنە هیچ چارەسەرییەكی بۆ مەسەلەكە نابێت و پەكەكە پێویستە پاڵپشتیی ئاشتی بكات و ئەوەی تاوەكو ئێستا لە حكوومەتی توركیامان بینیبێت پاڵپشتیكردنی ئەم پرۆسەیەیە. پێمخۆشە ئەوەش بڵێم هیچ بەرهەڵستییەكی وا بەهێزمام لەلایەن پارتە بەرهەڵستكارەكانی حكوومەتی توركیادا نەبینی بەتایبەتیCHP ئەوانیش پاڵپشتیی ئاشتی و ئاشتەوایی لەتوركیادا دەكەن بەشێوەیەكی گشتی. من دووپاتیدەكەمەوە بەڕێز كەماڵ كلیچدار ئۆغڵو هەر كاتێك بیەوێ بەسەر سەر و سەرچاو دەتوانێت بێتە هەولێر و من ساڵی ڕابردوو كاتێك چوومە توركیا لەوێ سەركردەكانی ئەو پارتەم داوەتی هەولێر كرد و پێشموایە پرۆسەی ئاشتی لەتوركیا تەنها بە ئاكپارتییەوە پەیوەست نییە و تەنها پرۆسەی ئەوان نییە، بەڵكو پرۆسەیەكە بۆ هەموو توركیا.
كاریگەریی پرۆسەكە بەسەر كوردانی بەشەكانی دیكەی كوردستان
هەورامی ئەوەی نیشاندا سەرەڕای هەبوونی جیاوازی لەنێو سەركردەكانی پەكەكە لەبارەی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم پرۆسەیە، بەڵام هەموو لایەك لەبارەی چەسپاندنی ئاشتییەوە هاوكۆكن و دەیانەوێ پرۆسەكە بۆ خزمەتی بەرژەوەندیی گشتی بێت و نیشانیدا بە ڕێنماییەكانی ئۆجەلان پەكەكە8 سەربازی توركیای ئازادكرد، هەروەها گوتی: ئێمە دەمانەوێ ئاشتی و ئاشتەوایی بەرقەرار بێت جا لەتوركیا یان سووریا یان عێراق یان ئێران بێت، ئێمە دەمانەوێ كورد لەسووریا بە وجوودی نیشتیمانیی خۆیان و بە هاووڵاتیی پلەیەك بناسرێن و بەشداریی پرۆسەی سیاسی بكەن، ئێمە دەمانەوێ كورد بەمافی خۆی شاد ببێت. و پێشمانوانییە وەستان لەدژی پرۆسەی بەدیموكراسیبوونی سووریا سوود بە گەلی كورد بگەیەنێت، بەڵكو پێویستە هەموولایەك پاڵپشتیی ئاشتەوایی بكات بەتایبەتی كە ئێستا گەلانی سووریا لەخەباتی بێوچان دان بۆ ئازادی و دیموكراسی.
پەیوەندیی ئابووریی نێوان كوردستان و توركیا
هەورامی ئەوەی ڕەتكردەوە كە ئەمەریكا لەبارەی پێشكەوتنی پەیوەندیی ئابووری و بازرگانیی نێوان كوردستان وتوركیا ناڕەحەت بووبێت، بەڵكو دووپاتیكردەوە ئەم وڵاتە یارمەتیی هەردوولا دەدات بۆ سەقامگیری و گوتی: ڕێژەیەكی گەورەی بازرگانیی توركیا لە هەرێمی كوردستانە و توركیا ڕۆڵێكی ئەكتیڤ لەعێراقدا دەبینێت، خانەوادەیەكی زۆری هەولێر كوڕ و كچ و خزمانیان لەكۆمپانیا توركییەكان كاردەكەن و پێموانییە ئەمەریكا لەدژی ئەم هەنگاوە بوەستێت

هەواڵی پەیوەندیدار