KDP.info ڕاپۆرتێك دەربارەی قسە نهێنییەكانی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە گەڵ بەرپرسانی عێراق بڵاودەكاتەوە
__2013_03_25_h14m34s39__GH.jpg)
هە ولیر -KDP.info / هەرچەندە هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ عێراق زۆر كتوپڕو لە ناكاو بوو، بەڵام هەڵگری پەیامێكی گەورەبوو كە خۆی لە ئاگاداركردنەوەی ئەمەریكا دەبینێتەوە لەسەر ئەو بارودۆخەی كە لە عێراق هاتۆتە ئاراوە.
جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە چەند رۆژی رابردوو لە میانەی ئەو گەشتانەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجامی دا سەردانی عێراقی كرد و لەوێشەوە چاوی بە هەریەكە لە گەورە بەرپرسانی عێراق كەوت، لەسەرویانەوە سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران نوری مالیكی و سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئوسامە نوجێفی، سەركردەیەكی ئەمەریكا رایگەیاندووە لەو سەردانەدا كێری پەیامی ئەمەریكای گەیاندۆتە بەرپرسانی عێراق هەر وەكو ئەوەی لە دانیشتنی نێوان كێرری و نوری مالیكی باسی ئەوە كراوە كە ئەمەریكا دوودڵە لە بارودۆخی سیاسی عێراق و خۆپیشاندانەكانی ناوچە سونییەكان، لەگەڵ ئەوەشدا جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە ئەمەریكا پاڵپشتی لە پرۆسەی دیموكراتی لە عێراق دەكات، لە دوای ئەوەی هیلاری كلنتۆن وەك وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە ساڵی 2009 سەردانی عێراقی كرد دوای ئەو ساڵە ئەوە بە دووەم سەردان دادەنرێت، ئەو بەرپرسەی ئەمەریكا دەڵێت: لە گەڵ تاوتوێكردنی پرسی ناوخۆی وڵات كێری مەسەلەی بارودۆخی دراوسێكانی لە گەڵ مالیكی باس كردووە و پێی گوتووە : عێراق چاوپۆشی لە ناردنە دەرەوەی چەك و تەقەمەنی دەكات كە ئێران بەسەر خاكی وڵاتەكەیدا لە ڕێگای فڕۆكەی نەفەر هەڵگرەوە دەرباز دەكات، لە كاتێكدا جگە لەوەی ئەوە سەروەری عێراق پێشێل دەكات لە هەمان كاتدا جێگای مەترسییە بۆ وڵات .
هاوكات سەرچاوەیەكی باڵا لە كۆشكی سپی رایگەیاندووە كە كێرری جەختی لەوە كردۆتەوە دەبێت عێراق بەشداری بكات لە كۆبوونەوەی تایبەت سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی بارودۆخی سوریا، بەڵام عێراق ناتوانێت ئەوە جێبەجێ بكات چونكە هۆكاری تایبەتی هەیە، ئەویش هاوكاریكردنی ئێران دروستبوونی هەیمەنەی ئەو وڵاتەیە بەسەر عێراقەوە.
كێری ئەوەشی خستەڕوو كە گرنگە عێراق بەشداری بكات لە بڕیاردان لە سەر سوریا بەتایبەتی لەسەر لادانی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات، چونكە ئێستا بۆ ئەمەریكا تەواو دەركەوتووە كە ئێران پاڵپشتی رراستەوخۆی بەشار ئەسەدە .
لەبارەی ناوخۆی عێراقیشەوە كێری بە نوری مالیكی گوتووە: دەبێت بە شێوەیەكی تەندروست مامەڵە لە گەڵ خۆپیشاندانی شارەكانی عێراق بكرێت و چاو بەبڕیاری دواخستنی هەڵبژاردنی لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و ئەنبار بخشێنرێتەوە و بە شێوەیەكی جدی دەبێت حكوومەتی عێراق ئەولەویەتی گفتوگۆ لە گەڵ سەرجەم لایەنەكان لە خۆی بگرێت بۆ ئەوەی هەرچی زووە ئەم وڵاتە لەم قەیرانە ررزگاری بێت، چونكە بە پەراوێزخستنی لایەنەكان توندوتیژی لە عێراق و نائارامی رروودەدات .
كارزان هەورامی




