٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پۆلیسی هەولێر: لە سێ رۆژی جەژندا هیچ حاڵەتێك تۆمار نەكراوە

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر- KDP.info/ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایدەگەیەنێت، ئەو پلانە ئەمنییەی بە هاوكاریی ئاسایش و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان و پۆلیسی هاتوچۆ دایانڕشتبوو، 100% سەركەوتوو بووە و لە سێ رۆژی جەژندا هیچ حاڵەتێكی ئەوتۆ تۆمار نەكراوە جێی باس بێت.

عەمیدی مافپەروەر عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، ئاشكرای كرد كە لە بۆنەكانی ئاداردا، پۆلیس و ئاسایش بە هاوكاریی پۆلیسی هاتوچۆ و پۆلیسی نەهێشتنی تاوان، لە 11 تا 24/3 پلانێكی ئەمنیی تۆكمەیان جێبەجێ كردووە و لە سێ رۆژی جەژنی نەورۆزیشدا هیچ حاڵەتێك لە هەولێر و دەوروبەری تۆمار نەكراوە جێی باسكردن بێت.

بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر، هەروەها ڕوونیشی كردەوە كە لە سێ رۆژی جەژندا زیاتر لە نیو ملیۆن كەس سەردانی سەیرانگاكانیان كردووە و بێجگە لە پاراستنی ئەمنییەتی سەیرانكەران لە شوێنە گەشتیارییەكان، تیمەكانیان لە ناوەوەی هەولێریش لە ئامادەباشیی تەواودا بوون و مەفرەزە گەڕۆكەكانیشیان بەردەوام بەناو شار و دەرەوەدا گەڕاون و ڕێگرییان لە ئەگەری هە ررووداوێكی نەخوازراو كردووە.

وتیشی: ئەم نەورۆزە جیاواز لە ساڵانی تر، ئارامترین نەورۆز بووە وێڕای ئەوەی كە بە هەزاران گەشتیار و میوان لە خواروو و ناوەڕاستی عێراق و وڵاتانی دەوروبەرەوە سەردانی هەولێریان كردبوو، بەڵام بە هەوڵ و ماندووبوونی پۆلیس و هێزە ئەمنییەكانی تر، توانرا بۆنەكانی ئادار بێ گرفت بەڕێ بكرێت و هاووڵاتیان بەوپەڕی هەستكرن بە ئەمنییەتەوە نەورۆزیان پیرۆز كرد.

هەواڵی پەیوەندیدار