محەمەد عەلی شاهین: ساڵانێكی دریژ لە توركیا كورد دووچاری ئاسمیلاسیون بووە
ئەمرۆ جێگری سەرۆكی گشتی پارتی داد و گەشە پێدان و سەرۆكی پێشووی پارلەمانی توركیا محەمەد عەلی شاهین لە كونگرەیەكی رۆژنامەوانی لە ئانكارا رایگەیاند كە لە توركیا گۆڕانكاری یەكجارە گەورە بەرێوەیە و دەوڵەت دەیەوێ عورف و عادەتە كۆنەكانی دەوڵەتەكانی رابردوو بسڕێتەوە.
محەمەد عەلی شاهین لە وەڵامی پرسیارێك سەبارەت بە مەسەلەی كورد و چارەسەر كردنی پرسی كورددا وتی" لە راستیدا دەبوایا ئەم پرسە لە ساڵی 1925دا چارەسەر كرابا، ئەو كاتە زەمینەی گونجاو بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد هەبوو، چوونكە كورد هاوبەشێكی سەرەكە و راستەقینەی دامەزراندنی كۆمار بوو، بەڵام لە جیاتی چارەسەر كردنی پرسی كورد لە ساڵی 1925دا، كۆمار و بەرپرسانی كۆمار سیاسەتێكی دیكەیان لە دژی كورد پەیڕەو كرد. هەر بۆیە لە چوارچێوەی ئەم سیاسەتەدا لە ساڵی 1925وە تا ئێستا كورد لە توركیا رووبەرووی ئاسمیلاسیون بووەتەوە.
ناوبراو لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە سیاسەتە هەڵەكانی بەرپرسانی كۆمار لە دژی هاووڵاتییە كوردەكان و ناسنامە و مافە رەواكانی كورددا بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە خۆشتەویستی هاووڵاتییە كوردەكان بۆ توركیا كەم و لاواز ببێتەوە بەڵام دەسەڵاتی پارتی داد و گەشە پێدان هەوڵ بۆ بەهێز كردنی ئەو خۆشتەویستییە دەدات و بۆ ئەم مەبەستەیش سەرەتا كۆتایی بە سیاسەتی ئینكار و نكۆڵی كردن لە هەبوونی كورد و ناسنامەی كوردی هێنا.
جێگری سەرۆكی گشتی ئاكەپە لە كۆتایی وتەكانیدا باسی هەوڵدانەكانی ئاكەپە بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد و یەكسانی لە نێوان كورد و توركدا كردووە و وتوویەتی: ئاكەپە لە یەكەمین مەرحەلەدا كۆتایی بە سیاسەتی ئینكار و نكۆڵی كردن هێنا، لە مەرحەلەی دووەمدا چەندین یاسا و ریسای هەڵەی كە ببوونە ئاستەنگ بەردەم ناسنامە و مافەكانی گەلی كورددا گۆڕا و لە مەرحەلەی سێیەمیشدا چەندین پرۆژەی لە چوارچێوەی پرۆژەی گشتی كرانەوەی دیموكراتیكدا پێشكەش كرد و ئێستا وەكو مەرحەلەی چوارەم هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دەدات و ئەنجامی ئەم مەرحەلەیەیش یەكسانی كوردو توركە




