لە کاتی سەندنەوەی متمانە لە مالیکی، پەرلەمانتارانی هاوپەیمانی کوردستانی یەکدەنگ دەبن

پەرلەمانتارێکی کوردستانی سەبارەت بە سەندنەوەی متمانە و ئەو واژۆیانەی لای سەرۆککۆماری عێراقە، ڕایدەگەیەنێت هەرکاتێک سەرۆککۆماری عێراق بۆ لێسەندنەوەی متمانە ناوەکانی بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق نارد، ئەوا لیستی هاوپەیمانیی کوردستانی یەکدەنگ دەبێت و دەنگ بە لێسەندنەوەی متمانە دەدەن.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی هاوپەیمانیی کوردستان، حەسەن جیهاد، بۆ ئاژانسی پەیامنێر گوتی: "کاتێک سەرۆککۆماری عێراق ناوەکان بۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بنێرێت پەرلەمانتارانی کورد یەکڕیز دەبین".
گوتیشی:"مەبەست لەو وردبینییەی باس دەکرێت، سەرۆککۆمار دەیکات، چونکە هەندێک کەس لەناو لیستی عێراقییە دەڵێن لە جیاتی ئێمە واژۆ کراوە و سەرۆککۆماریش بەدواداچوون و ووردبینی بۆ ئەو بابەتە دەکات".




