گۆڕینی مالیكی بووەتە ئەمری واقیع و حكوومەتى داهاتوو حكوومەتى هاوسەنگی دەبێ
ئەمڕۆ سێشەم رەوتی سەدر كە موقتەدا سەدر سەرۆكایەتیی دەكا دووپاتى كردەوە كە پابەندیی هەموو هاوسەنگی و دەسكەوتەكانى هەڵبژاردن دەبێ لە پێكهێنانى حكوومەتى داهاتوو و ئاماژەى كرد كە لێسەندنەوەى متمانە لە مالیكی بووەتە ئەمری واقیع پاشگەزبوونەوەى بۆ نییە.
ئەمیر كینانى سەركردە لە رەوتى سەدر كە موقتەدا سەدر رابەرایەتی دەكا /40 كورسی لە پەرلەمانى عێراق/ بەئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)ى راگەیاند، موقتەدا سەدر بەڵێنی داوە كە چەند پێگەیەك لە دەسەڵاتى جێبەجێكردن بەتەبایی دەوڵەتی یاسا دەدا ئەگەر هاتوو لەلایەن بارستەكانى ترەوە پەراوێز كران.
كینانى لەبارەى پرسی بەشدارینەكردنى دەوڵەتی یاسا لە حكوومەتى داهاتوودا گوتى، هاوسەنگى لە حكوومەتى داهاتوو درێژەى دەبێ و ئەو كەسەی كە بۆ حكوومەتى داهاتوو رادەسپێردرێ سەرپشك دەبێ لە هێشتنەوەى وەزیرانى ئێستە یا گۆڕینیان، بەڵام پشكی دەوڵەتی یاسا لەو كاتەى كە بەشدارییان لەو حكوومەتەدا نەكرد بەسەر لایەنەكانى تر دێتە دابەشكردن.
ماوەى 2 مانگە هەریەك لە هاوپەیمانیی كوردستان، لیستی عێراقییە و رەوتى سەدر رەخنەى توند لە مالیكی دەگرن و بەتاكڕەوی و دیكتاتۆریەت تۆمەتبارى دەكەن و لە زنجیرەیەك كۆبوونەوەدا لە هەولێر و نەجەف و دواى دوو دەرفەتی 15 و 7 رۆژى داوا لە مالیكی دەكەن دەست لەكاربكێشێتەوە.
سەرچاوەكان ئاماژە دەكەن كە تا ئێستە نێزیكەى 170 ئیمزا كۆكراوەتەوە و رادەستی سەركۆمار كراوە بۆ ئەوەى رەوانەى سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنى نوێنەرانى بكا تا وادەى دانیشتنی نائاسایی لێسەندنەوەى متمانە دیاری بكرێ.




