جەعفەر ئیمینکی: پارتی دیموکراتی کوردستان پێشوازییەکی گەرم لە پەیامی عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ ئاشتی دەکات

ھەولێر- تایبەت بەKD.info /جەعفەر ئیمینکی وتەبێژی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە دواین پەیمانی عەبدوڵلا ئۆجەلان و چارەسەرکردنی ئاشتیانەی دۆزی کورد لە تورکیا تایبەت بە kdp.info راگەیاند: پەیامەکەی عەبدوڵلا ئۆجەلان بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان پارتی کرێکارانی کوردستان PKK و حکوومەتی تورکیا و دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی سەرتاسەری لە کوردستانی تورکیا، ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بەگەرمی پێشوازی لەو پەیامە دەکەین و بەھەنگاوێکی ئیجابی دەزانین .
جەعفەر ئیمینکی گوتیشی: ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان لە رابردوو بە ھەموو شێوەیەک ئەوەی لە دەستمان ھاتووە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا کردوومانە و لەئایندەشدا ئێمە ھاوکار دەبین بۆ ئەوەی ئەم پرۆسەیە لەبواری پراکتیکییەوە سەرکەوتوو بێت و ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پێشتریش رای پارتی وابووە کێشەی کوردستانی تورکیا کێشەیەکی سیاسییە و پێویستە بە رێگای سیاسیش چارەسەربکرێت و جێگای خۆشحالییە ئەمڕۆ ھەنگاوی سیاسی راست و دروست گەیشتووەتە قۆناغێکی نوێ و ئومێدەوارین بەرەو سەرکەوتن بڕوات.
ئیمینکی گوتیشی: ئێمە گەشبینین، پرۆسەی ئاشتی ئەمجارە لە تورکیا سەرکەوتووبێت، لە بەر ئەوەی زەمینەی سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە بەھێزە و فاکتەری سەرکەوتنی ئەمجارەش لە پێشوتر باشترە، بەتایبەتیش بەقەناعەتی ھەردوو لە بەر ئەوەی قەناعەتی دەستەڵاتدارانی تورکیا زۆر بەھێزە و گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە پێویستە بەڤرێگای سیاسی ئەم پرسە چارەسەربکرێت و قەناعەتی سەرکردایەتی PKK ش لە ھەمووجارانی پێشووتر بەھێزترە، بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە بە رێگای ئاشتیانە چارەسەربکرێت.




