٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

ئەیاد عەللاوی: چەندین كەس هەن لە ناو لیستی دەوڵەتی یاسادا دژی سیاسەتی تاكڕەوانەی مالیكین

سەرچاوە: Hewler

سەرۆكی لیستی ئەلعێراقییە ئەیاد عەللاوی پێی وایە تەنگژەی سیاسیی عێراق گەیشتووەتە قۆناغێكی مەترسیدار و هەڕەشەیەكی جیددیشی لە سەر پرۆسەی دیموكراسی لە وڵاتدا دروست كردووە.

ئەو كەسایەتییە شیعە سیاسییە، له‌ چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، هۆكاری ئەم تەنگژەیە بۆ سیاسەتی سەرۆكوەزیرانی عێراق(نووری مالیكی و هەنگاوەكانی بەرەو تاكڕەوی لە دەسەڵاتدا دەگەڕێنێتەوە.

بێگومان ئەم سیاسەتەی مالیكیـیش پاش كشانەوەی سوپای ئەمەریكا لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا لە عێراق دەستی پێكرد.
ئەیاد عەللاوی باوەڕی وایە، تەنگژەی سیاسیی عێراق دامەزراوەكانی وڵاتی ئیفلیج كردووە و هەڕەشەیەكی گەورەیشی لە بوارەكانی ئاسایش و ئابوورییەوە لە سەر عێراق دروست كردووە، ئەوە جگە لە تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی ناوەندی.

ئەو پێ لە سەر ئەوەش دادەگرێتەوە، كە دەبێت ڕێگا لە دروستبوونی دیكتاتۆرێكی دیكە لەم وڵاتەدا بگیردرێت.
لە هەمان كاتیشدا، چاودێران و سیاسەتڤانان و كەسانی ئەكادیمیی عێراق پێیان وایە، كاتی ئەوە هاتووە عێراق لە چوارچێوەی قۆناغی ئێستای خۆی بێتە دەرەوە و حكوومەتێكی زۆرینە پێك بهێنرێت.

یەكێك لە دەرئەنجامە پۆزەتیڤیەكانی ئەم هەنگاوەیش هێشتنەوەی بەرەیەكی ئۆپۆزسیۆن دەبێت لە ناو پەرلەماندا. هەبوونی هێزی ئۆپۆزسیۆن لە ناو پەرلەماندا دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و ڕێگرتن لە تاكڕەوی لە كاروباری وڵاتدا.

كۆبوونەوەكان گرنگیی خۆیان هەیە
ئەیاد عەللاوی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "هه‌ولێر"، ڕایگەیاند: "كۆبوونەوەكان تا ئێستایش بەردەوامن. ئەم كۆبوونەوانە گرنگیی خۆیان هەیە و یارمەتیدەرێكن بۆ دۆزینەوەی میكانیزمێكی ڕاست، بۆ ئەوەی لە ڕێگەیەوە ئارامی بۆ عێراق بگەڕێتەوە".

عەللاوی ئەوەیشی ئاشكرا كرد، كە هاوڕای و هاودەنگییەك لە نێوان بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتە جیاوازەكانی وڵاتدا دەربارەی سەرخستنی پرۆسەی دیموكراسی لە عێراقدا هەیە. ئەو گوتیشی بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكان هاوڕان لە سەر ئەوەی، كە دەبێت پێكەوە لە سەر میكانیزمێك ئیش بكەن بۆ مەبەستی ڕێگەگرتن لە پەیدابوونی دەسەڵاتێكی دیكتاتۆریی دیكە و سەرهەڵدانەوەی تاكڕەوی لە عێراقدا.

وەرگرتنەوەی متمانە لەمالیكی دەستوورییە
وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆكوەزیرانی عێراق نووری مالیكی لە كاتی ئێستادا گەرموگوڕترین بابەتی ناو گۆڕەپانی سیاسیی عێراقە و عەللاویـیش جەختی لە سەر ئەوە كردەوە، كە زۆرینەی هێزە سیاسییەكان هەمان ڕاوبۆچوونییان دەربارەی ئەم بژاردەیە هەیە. ناوبراو لەو بارەوە دەڵێت:"هەموو هێزەكان دەربارەی ئەم هەڵوێست و تێڕوانینە هاوڕان. ئەم كۆبوونەوانە باشترین ڕێگان بۆ دەستكەوتنی دیموكراسی دەستووری، كە شایستەی خەڵكی عێراقە".

عەللاوی ئاماژەی بەوەیش كرد، كە تەواوی ئەو ئەگەرانەی ئەوان پەنایان بۆ دەبەن، لە چوارچێوەی دەستووری وڵاتدان. ئەو هەروەها پێی وایە، ئەم هەنگاوانە پرۆسەی دیموكراسی و پراكتیزەكردنی ئاشتییانەی تەواوی ئەگەرەكان بۆ سەرخستنی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بەهێزتر دەكەن.

سەرەڕای ئەوەیش، هەر لەم ڕێگایانەوە دەسەڵات بەشێوەیەكی ئاشتیانە دەستاودەست دەكرێت. سەرۆكی لیستی ئەلعێراقییە وەفاداریی عێراقییەكان بۆ وڵاتەكەیان بە گرنگ دەزانێت، بەبێ ئەوەی پێویست بكات هیچ لایەن و پارتێك ڕێگا بۆ دەستێوەردانی دەرەكی خۆش بكات، ئیدی ئەگەر ئەمەریكا یان هەر وڵاتێكی دیكەی ناوچەكە بێت.

ڕێگرتن لە دروستبوونی دیكتاتۆرێكی دیكە لە عێراقدا
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا پارتە كوردی و عێراقییەكان چەندین كۆبوونەوەیان لە هەولێر و نەجەف و هاوینەهەواری دووكان ئەنجام داوە. ئەوان لەم كۆبوونەوانەدا جەختیان لە سەر چارەسەركردنی تەنگژەیەی ئێستای عێراق كردەوە، ئەوەیش لە ڕێی كۆتاییهێنان بە سیاسەتی نووری مالیكی و شێوازی مامەڵەكردنی ناوبراو لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییانەی وڵاتدا، كە لە بەڕێوەبردنی كاروباری عێراقدا بەشدارن.

عەللاوی لەو بارەوە ده‌ڵێت: "دەمانەوێت بڕیارێكی ڕاست و سەربەخۆی عێراقی بەرهەمی ئەم دانوستانانە بێت. هەروەها دەمانەوێت بڕیارەكە لە چوارچێوەی دەستووری هەمیشەیی عێراقدا بێت. سەرەڕای ئەوەیش، كار بۆ ئەوە دەكەین ئەم بڕیارە ڕێگا لە دروستبوونی دیكتاتۆر لە عێراقدا بگرێت و یارمەتیدەرێكیش بێت بۆ سەرخستنی پرۆسەی دیموكراسی لە وڵاتدا، چونكە ئەمە تەنیا چارەسەرە لە عێراقدا".

عەللاوی لە بەڕێوەبردنی كاروباری وڵاتدا كەسێكی بێ ئەزموون نییە و لە ساڵی 2005ـدا سەرۆكوەزیران بووە. ئەو دەڵێت نووری مالیكی بە پێچەوانەوەی دەستووری وڵاتەوە مامەڵە دەكات. ئەو هەروەها گوتی: "ئێمە بە ئاراستەیەكدا هەنگاو هەڵدەگرین، كە بە هیچ شێوەیەك پێچەوانەی دەستوور نییە، جیاواز لەمالیكی كە بە پێچەوانەوەی دەستوورەوە كاروباری وڵات بەڕێوە دەبات.

دانوستانە ئەرێنییەكانی ئێمە بەردەوامن و هەر لەم چوارچێوەیەیشدا لە ڕێی نامەیەكەوە داوامان لە هاوپەیمانێتیی نیشتمانی كرد بۆ ئەوەی كەسێك بۆ شوێنی مالیكی دیاری بكەن."

مالیكی پشت لە ڕێككەوتننامەكان دەكات
پارتە سیاسییەكانی عێراق، لەوانەیش لیستی ئەلعێراقییە و هاوپەیمانیی كوردستانی، مالیكی بە پشتكردن لەو بەڵێن و ڕێككەوتننامانە تۆمەتبار دەكەن، كە بوونە هەوێنی پێكهێنانی حكوومەتی ئێستای عێراق، لەوانەیش دامەزراندنی ئەنجوومەنی نیشتمانی بۆ كاروباری ستراتیژی، كە بڕیار بوو لە لایەن عەللاویـەوە سەرۆكایەتیی بكرێت. مالیكی چەندین خاڵی دیكەی ئەم ڕێككەوتننامەیەسشی جێبەجێ نەكردووە، لەوانەیش سپاردنی پۆستی سەرۆكایەتیی "ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی" بە كەسێكی سەربەخۆ.

سەرۆكی لیستی ئەلعێراقییە ڕوونی كردەوە، ئەوان بەرپرسانی كورد و ئەلعێراقییە و ڕەوتی سەدر چەند گەرەنتییەكیان دەوێت بۆ ئەوەی هەر كەسێكی دیكە كە پاش مالیكی دەسەڵات دەگرێتە دەست، شوێن پێكانی ئەو لە بواری قۆڕخكردنی دەسەڵاتەوە هەڵنەگرێت. ئەو لەم بارەوە ڕایگەیاند: "ئێمە گەرەنتی و دڵنیاییكردنەوەمان دەوێت. هەر ئەمەیشە وای كردووە متمانەمان بە مالیكی نەمێنێت".

بڕیار بوو چەند مانگێك پێش ئێستا كۆنفرانسێكی نیشتمانی بە ئامادەبوونی تەواوی پارتە سیاسییەكانی عێراق بۆ مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ ئەم تەنگژەیەی ئێستای وڵات بەڕێوە بچێت، بەڵام تەنانەت كۆنفرانسەكەیش ڕێك نەخرا، ئەوەیش بەهۆی جیاوازیی بەرپرسانی لایەنە سیاسییەكانەوە دەربارەی پرۆگرامەكەی. چەندین بەروار بۆ ئەم كۆنفرانسە دیاری كران، بەڵام هیچ كامیان سەری نەگرت، بەڵكو هەموویان دوا خران.
مالیكی بزوێنەری كێشە تائیفی و ئیتنییەكانە
عەللاوی دەڵێت: "بارودۆخی عێراق گەیشتووەتە ئاستێكی مەترسیدار، كە تیایدا بڕیارە سیاسییەكان تاكلایەنانە دەدرێن و سەرۆكوەزیران گرنگی بە ڕا و بۆچوونی بەرپرسانی -دیكەی وڵات نادات. بارودۆخی ئێستا بە ئاراستەیەكدا هەنگاو هەڵدەگرێت، كە تیایدا سیاسەت لە سەر بنچینەی تائیفی و ئیتنی ڕەنگ دەداتەوە و ئەمەیش مەترسیی تەنگژە و ڕووبەڕووبوونەوەی تائیفی و ئیتنی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

بێگومان ئەمەیش شتێكی بێتاقەتكەرە، چونكە خەڵكی عێراق خەڵكێكی شكۆمەندە. خەڵكی عێراق یەكگرتووە و جیاوازی لە نێوان عەرەب، كورد، توركمان، موسوڵمان، مەسیحی، شیعە و سوننەدا نییە و هەربۆیەیش هەست بە نیگەرانییەكی زۆر دەكەین، كاتێك دەبینین (مالیكی) ئەم كێشانە دروست دەكات".

ئەندامانی لیستی دەوڵەتی یاسایش ناڕازیین
بە گوێرەی عەللاوی، لە ناو لیستی دەوڵەتی یاسایشیدا، چەندین كەس هەن دژی سیاسەتی تاكڕەوانەی مالیكیـن. ناوبراو لەو بارەوە دەڵێت:"بێگومان چەندین كەس لە ناو لیستی دەوڵەتی یاسادا هەن، كە پشتیوانی لەم سیاسەتەی مالیكی دەكەن، بەڵام پەیوەندیمان لەگەڵ چەند كەسێكی ناو ئەو لیستەدا هەیە و ئەوانیش گلەییان لەم سیاسەتەی سەرۆكوەزیران هەیە.

ماوەیەك پێش ئێستایش، یەكێك لە ئافرەتە ناسراوەكانی ناو لیستی دەوڵەتی یاسا بە ناوی خاتوو (مەنال ئەلمووسەوی) لەو لیستە كشایەوە و لەگەڵ چەند برا و خوشكێكی دیكەی ناو پەرلەمان، لیستێكی لە ناو پەرلەماندا پێك هێنا. ئەمەیش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە كە تەنانەت لە ناو لیستی دەوڵەتی یاسایشدا چەندین كەس هەن، كە سیاسەتی (مالیكی) بە هەڵە دەزانن".

كێشەی سیاسیی عێراق چارەسەری پێویستە
توێژەر و ئەكادیمیی بەناوبانگی عێراقی دكتۆر (عەبدولحوسێن شەعبان) پشتیوانی لە گوتەكانی (عەللاوی) دەكات و دەڵێت: عێراق ڕووبەڕووی چەندین كێشە بووەتەوە، بەڵام سەرەكیترین و مەترسیدارترینەكەیان كێشەی سیاسییە. (عەبدولحوسێن شەعبان) پێی وایە، دەبێ ئەم كێشەیە كۆتایی پێ بهێنرێت بۆ ئەوەی عێراقیش بە دەست ئەم تەنگژانەوە ڕزگاری بێت.

(عەبدولحوسێن شەعبان) لە دوایین سەردانیدا بۆ كوردستان ڕایگەیاند: عێراق بەدەست سێ كێشەی گەورەوە دەناڵێنێت. ئەو پێی وایە یەكەم كێشە "پەیوەندیی بە پرۆسەی سیاسییەوە هەیە، كە گەیشتووەتە بنبەست. قەیرانی عێراق ماوەی 9 ساڵە بەردەوامە. پاش پرۆسەی ڕزگاریی عێراق، تەنیا (بریمەر) بڕیاری دەدا و ناكرێت ئێستایش بەو جۆرە بێت".

پێویستە تەوافوق كۆتایی پێ بهێنرێت
حكوومەتی ئەمەریكا لە ساڵی 2003ـدا لە ڕێی كردەی سەربازییەوە كۆتایی بە دەسەڵاتی ڕژێمی (سەدام حوسێن) هێنا. پاش ئەوەیش، ئیدارەی ئەمەریكی دیپلۆماتكاری وڵاتەكەی (پۆڵ بریمەر)ی بە سەرۆكی دەسەڵاتی مەدەنی لە عێراقدا دانا. (بریمەر) چەندین بڕیاری دەربارەی شێوازی دابەشكردنی دەسەڵات دا، لەوانەیش تەوافوقی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە بەڕێوەبردنی كاروباری وڵاتدا.

(شەعبان) باوەڕی وایە "دەبێت تەوافوق لە عێراقدا كۆتایی پێ بهێنرێت. ئەگەر سیاسەتی تەوافوق یان دیموكراسیی پێكەوەگونجان تەنیا بۆ ماوەیەك گونجاو بێت، بە تایبەتی ئەگەر ماوەكە قۆناغی تێپەڕین بێت، ئەوا پێویستە ئەم ماوەیە كۆتایی پێ بێت و هەڵبژاردنەكان، دەسەڵات یەكلایی بكەنەوە. پێویستە دەسەڵات هەبێت و ئۆپۆزسیۆنیش هەبێت، ئۆپۆزسیۆنێك لە ناو پەرلەماندا و ئۆپۆزسیۆنێك لە دەرەوەی پەرلەماندا".

ئەم توێژەرەوەیە هەروەها پێی وایە، دەستووری هەمیشەیی عێراق چەندین خاڵی تێدایە، كە بوونەتە هۆی ڕوودانی قەیرانی سیاسی لە وڵاتدا. ئەو دەڵێت: "ئەگەر ڕێككەوتنی لایەنەكان تەنیا لە سەر دەستووری فیدراڵی عێراقی ساڵی2005 و یاسای بەڕێوەبردنی وڵاتی ساڵی 2004 بوو، ئەوا دەزانین كێشە گەورەكان لە پاش ئەو ساڵانەوە دەستیان پێكرد، لەوانەیش كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان، ماددەی 140 و كێشەی كەركووك.

سەرەڕای ئەوەیش، كێشەی نەوت و غاز لە عێراقدا هەیە، كە گەورەترین كێشەیە، چونكە بەرپرسانی فیدراڵی چەندین كێشەیان لەم بواردا ناوەتەوە".

لە ساڵی 2005ـدا یەكەمین دەستووری عێراقی پاش ڕووخانی ڕژێمی (سەدام حوسێن) خرایە ڕیفراندۆمێكەوە و زۆرینەی عێراقییەكانیش دەنگیان بۆ دا.

(شەعبان) تیشكی خستە سەر كێشە جیاوازەكانی عێراق، لەوانەیش كێشەكانی بواری ئاوەدانكردنەوە، كۆمەڵایەتی، سیاسی و ئاسایش و، پێی لە سەر ئەوەیش داگرتەوە، كە ئەم كێشانە هەر دەبن و نابڕێنەوە.

ئەو گوتیشی: پرسی تائیفی لە عێراقدا بە كاریگەری دەمێنێتەوە و ئاماژەی بەوەیش كرد، كە جاروبار پرسی تیرۆریزمی سیاسی سەر هەڵدەداتەوە. ئەو گوتیشی: ئەگەر كێشە سیاسییەكان لە نێوان پارتە عێراقییەكاندا چارەسەر نەكرێن، ئەوا جیاوازییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەكانیش بە كاریگەرییەوە دەمێننەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار