٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

رەجەب تەییب ئەردۆغان: رێكخراوی ئەرگەنەكون ئەنجامدەری هێرشەكانی سەر ئاكەپەیە

سەرچاوە: KDP.info

تورکیا- KDP.info/ دوای ئەوەی كە شەوی سێشەممە لە دوو هێرشی جیادا هەر یەك لە باڵاخانەكانی كۆمیتەی ناوەندی ئاكەپە و باڵاخانەی وەزارەتی دادی توركیا كرانە ئامانج، سەرۆك وەزیری توركیا رەجەب تەییب ئەردۆغان لە دانیمارك سەبارەت بە هێرشەكان رایگەیاند كە ئێمە وەكو توركیا لە قۆناغێكی یەكجار هەستیار و ناسكدا تێدەپەڕین و سەركەوتنی ئەم قۆناغە دەبێتە هۆكاری پێشكەوتن و دیموكراتیزەكردنی توركیا و هەر بۆیە چەند كەس و لایەنێك لە دژی پێشكەوتن و بەهێزبوونی توركیان، بۆیە لە ساتێكی وەهادا هێرش دەكەنە سەر باڵاخانەی كۆمیتەی ناوەندی ئاكەپە و وەزارەتی داد.

ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا ئاماژەی بەوەكرد كە بە پێی ئەو بەڵگانەی كە بە دەستیان كەوتوونە، رێكخراوی تیرۆریستی ئەرگەنەكون لە پشت ئەم هێرشانەیە و بە شێوەیەكی راستەوخۆ بەرنامە و پلانی بۆ ئەم هێرشانە داناوە.

سەرۆك وەزیری توركیا لە درێژەی قسەكانیدا باسی قۆناغی چارەسەری پرسی كوردی كرد و گوتی: چ جۆرە قوربانییەك پێویست بێت بۆ سەرخستنی ئەم قۆناغە ئەوا دەسەڵاتی پارتی داد و گەشەپێدان لە پێناو چارەسەركردنی ئەم پرسە و سەرخستنی ئەم قۆناغە ئامادەیە ئەم قوربانییانە بدات، بەڵام ئامادە نییە كە واز لەم قۆناغە بهێنێت.

هەر سەبارەت بە هێرشەكانی سەر وەزارەتی دادی توركیا و باڵاخانەی كۆمیتەی ناوەندی ئاكەپە رۆژی چوارشەممە وەزیری ناوخۆی توركیا موعەممەر گۆلەر رایگەیاند كە هێرشكەرەكان دەستنیشان كراون و سەر بە رێكخراوی تیرۆریستی دەهاكاپەچەن ( بەرەی رزگاری شۆڕشگێڕی توركیا).

جێگای ئاماژە پێكردنە كە لە شەوی سێشەممەی ئەم هەفتەیە لە ئەنقەرا هێرش كرایە سەر هەر دوو باڵاخانەی وەزارەتی داد و باڵاخانەی كۆمیتەی ناوەندی پارتی داد و گەشەپێدان و بێجگە زەرەری ماددی هیچ زەرەرێكی گیانییان بە دواوە نەبوو.

 

هەواڵی پەیوەندیدار