٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلام كوردستان: چەژنی نەورۆز بە دروست و رەوا دەزانین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر –تایبەت بە KDP.info / یەكێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان راگەیەنراوێكی سەبارەت بە چەژنی نەتەوەیی نەورۆز بڵاو دەكاتەوە كە لەمیانەدا هاتووە ئێمە جەژنی نەورۆز بە رەواو دروست دەزانین و شتێك نییە دژایەتی هەبێت لەگەڵ ئایین و بیروڕای موسڵمانان.

 لە راگەیەنراوەكەدا كە كۆپیەكی بۆkdp.infoنێردراوە تیایدا هاتووە: نەورۆز جەژنێكی نەتەوەیی گەلی كوردستانە، نیشانەی سەركەوتن و كۆتایی هاتنە بە زوڵم و ستەم و زۆرداری لە مێژووی نەتەوەكەماندا، تا ئاشكرای بكات كە گەلێكی سەربەخۆی خاوەن ناسنامەی خۆیەتی، و پەیوەندی بە بیروباور ( العقیدە ) و پەرستشەكان ( العبادات ) نییە.

بۆیە ئێمە لە روانگەی فەرموودەكانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت)، وە بۆچوونی زانایان بە دروست و رەوای دەزانین‌و، شتێك نییە دژایەتی هەبێت لەگەڵ ئایین و بیروباوری مسوڵمانان، لەبەر ئەم هۆیانە:

1-  یاسایەكی فیقهیمان هەیە كە دەڵێ‌: (( الأصل فی الاشیاء الاباحە)) واتە: ئەسڵ و بنەرەت لە هەموو شتێكدا رێ پێدان و درووست بوونە مادام دەقێكی وەها نەبێت كە قەدەغەی بكات.

2-  هەموو گەل و نەتەوەیەك لە سەرتاسەری جیهانی ئیسلامیدا رۆژێكیان تەرخان كردووە بۆ خۆشی و ناوییان لێناوە جەژنی نیشتیمانی.

3-  پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی (( لكل قوم عید وهژا عیدنا )) رواه البخاری و مسلم، واتە: هەموو گەل و نەتەوەیەك جەژنێكی هەیە ئەمەش جەژنی ئێمەیە كە مەبەست پێی جەژنی قوربان بوو.

4-  لە روانگەی شەرحەكانی (( فتح الباری و عمدە القاری، و إرشاد الساری )) بۆمان دەردەكەوێت كە مەبەستی پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) جەژنی ئاینی بووە نەك جەژنەكانی تر، چونكە پێغەمبەر (دروودی خوای لەسەر بێت) دانی بە جەژنەكانی تر داناوە وە بەوەی دەفەرموێ ( لكل قوم عید ) بۆ هەموو نەتەوەیەك جەژنێك هەیە، جەژنی ئیسلامیش جەژنی رەمەزان و قوربانە، وە هیچ دژایەتیەك نیە لە نێوان جەژنەكان وەك جەژنی ئاینی كە عیبادەت بێت كە هەر ئەم دوانەیە و ئەوانی تر كە عادەت و نەریتە.

5-  هیچ دەقێك لە قورئان و فەرمودەدا نییە كە رێگە نەدات بە بۆنەكان بگووترێت جەژن وەك جەژنی دایك و جەژنی ئافرەتان، جەژنی نەتەوەیی و نیشتیمانی، لەم بارەوەیەش ماموستای زانا و گەورە مامۆستا عبدالكریم الدبان لە گۆڤاری ( التربیە الاسلامیە ) لە وەڵامی ناونانی بۆنەی نەورۆز بە جەژن فەرمویەتی: (( اما تسمیته عیدا فلیست حراما ولا مكروهە إلا إژا ان ژالك الیوم عید وچعه الشارع )) واتە: ناوبردنی بە جەژن حەرام نیە و مەكروهیش نیە، بەلكو لە كاتە حەرام دەبێت كە ئەو جەژنە بە جەژنێكی ئاینی بزانیت و باوەری وابێت كە لەلایان خواوە دەست نیشان كراوەو دانراوە.                 

6-  هەر بۆیە هەرگیز نەتەوەی كورد باوەری وا نییە كە خوای گەورە رۆژی نەورۆزی بە جەژن بۆ ئێمە دانابێت، بەلكو خۆمان وەكو نەتەوەیەك رۆژی نەرۆزمان وەك جەژنێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ خۆمان داناوە.

7-  وە شتێكی ئاسایە ئێمە وەكو موسوڵمان لە پاڵ جەژنی ئایینی جەژنێكی تری نیشتیمانیمان هەبێت ئیتر بە هەر ناوێكەوە بێت، وە پێچەوانەی هیچ دەقێكی شەرعی صریح و صحیح دا نیە.

8-  ئەمەش كە بە شێوازی ناشەرعی ژن و پیاوێك تێكەڵ دەبن، ئەمە راستە حەرامە و رێگە پێدراو نییە لە شەرعدا بەو شێوەیە، بەڵام ئەم حەرامی (لژاته) نییە بەلكو حەرامێكی (عارچی) یە، و ئامۆژگاری گەنج و لاوە موسڵمانەكانمان بكەین لە سەر خراپی تێكەل بوون بەم شێوەیە و رێنمونیان بكەن.

9-  لە سالی 1970 زانایانی كوردستان هەریەك لە: (( م.شێخ محمدی خال، و م. مصگفی نجیب قەرەداغی، و م. عبدالحمید ئەتروشی، و م. شێخ محمد ی قەرەداغی، و م. سید حسن لە كەركووك، و م. ملا عبدالله چروستانی، و م. ملا عبدالرحیم پەرخی، و م. ملا عبدالسلام ))فتوایان داوە كە نەورۆز بۆنەیەكی نەتەوەیی كوردەو ئاگری نەورۆزیش ئاماژەی سەركەوتنی شۆرشی نەتەوەیەكە بە سەر زولم و ستەم دا، نەورۆزیش سەری سالی نوێی كوردیە، خۆی لە خۆیدا بۆنەیەكی رەوایەوە ئەگەر شتی نا ئاسایی و نا پەسەندیش – خوا نەخواستە – لە هەر بۆنەیەك رووبدات نابێت بەم هۆیە بۆنە و جەژنێكی نەتەوەیی گەلەكەمان لە كەدار بكەین."

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار