٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تاوەكو ئێستا هەڵپەركێكەی هەولێر لە گینس تۆمار نەكراوەو لەرۆژانی ئایندە دۆكیۆمێنتەكان پێشكەش دەكرێن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر – تایبەت بەKDP.info/هەروەك پێشووتر ئامادەكاری بۆ كرابوو دوێنێ لە شاری هەولێر گەورەترین هەڵپەركێ لە جیهان رێكخرا كە تیایدا بە هەزاران كەس تیایدا بەشداربوو بەمەبەستی تۆماركردنی گەورەترین و درێژترین هەڵپەركێ لە فەرهەنگی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان بۆیەكەمینجار kdp.infoزانیاری لەبارەی ژمارەی بەشداربووان و چۆنیەتی تۆماركردنی لەو فەرهەنگە جیهانییە بڵاو دەكاتەوە.

 هەمزە حامد بەڕێوەبەری راگەیاندنی پارێزگای هەولێر لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ kdp.infoگوتی: لای هەمووان ئاشكرایە كە دوێنێ گەورەترین هەڵپەركێ و گۆڤەند لە شاری هەولێر رێكخرا لەسەر ئاستی جیهان ئێمە وەكو پارێزگای هەولێر بەو چالاكیە هەڵساین و ئەنجامماندا وەكو پێشووتر پێشبینی دەكرا ژمارەیەكی زۆر هاووڵاتیان بە جلوبەرگی كوردیەوە هاتبوون بۆ بەشداریكردن لەو هەڵپەركێیە كە لە چواردەورەی قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو، چەند رۆژێك بەر لەوە ئێمە زیاتر لە 6000 ناومان لای خۆمان تۆماركردبوو، بەڵام ئەو ژمارە هاووڵاتییەی كە بەشداریان كرد زۆر لە ئەو ژمارەیە زیاتر بوو كە نەمانتوانی لای خۆمان تۆماریشی بكەین، بەڵام بەپێی تۆمارە سەرەتاییەكانی زیاتر لە 40 هەزار كەس هاتبوون بۆ بەشداریكردن لەو هەڵپەركێیە مێژووییە.

سەبارەت بە چۆنیەتی تۆماركردنی ئەو هەڵپەركێیە لە كتێبی گینس ناوبراو گوتی: هەر چەندە ئێمە ئەندامانی لیژنەی تۆماركردنی ژمارە پێوانەییەكانی كتێبی گینسمان بانگێشت كردبوو بەڵام ئەوان نەیانتوانی بێن و بەشداری بكەن، بەڵام ئێمە توانیمان لیژنەیەكی تایبەت بۆ تۆماركردنی دیكۆمێنتەكانی ئەو هەڵپەركێیە پێكبهێنین كە بریتی بوون لە سێ دادوەر لە ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان هەروەها نوێنەری رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عێراق، هەروەها نوێنەری رێكخراوی یونسكۆ كە تایبەتە بە پەروەردەو كلتور و كۆمپانیایەكی بیانی و نوێنەری ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی كە ئەوانە سەرجەمیان دوێنێ لە شوێنی هەڵپەركێكە ئامادەبوون، ئێستا ئێمە سەرقاڵی كۆكردنەوەی ئەو ناوانەین كە تۆماركراون لامان بۆ بەشداریكردن لە هەڵپەركێكە هەروەها وێنەی فۆتۆ و ڤیدیۆی پێویست بەتایبەتی ئەوانەی لەرێگەی كۆپتەرەوە گیراون ئەمەش لەلایەن لیژنەكەوە بەفەرمی دەنێردرێت بۆ بەرێوەبەرانی كتێبی گینس و لیژنەكە جێگای باوەڕەو دڵنیاین كە بەدڵسۆزیەوە كارەكانی خۆیان ئەنجام دەدەن و ئێمە چاوەڕوانی وەڵامی بەڕێوەبەرانی و ئەدامانی لیژنەی فەرهەنگی گینس بۆ ژمارە پێوانەییەكان دەكەین.

 بڕوا بەرزنجی

هەواڵی پەیوەندیدار