فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ڕاگرتنی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ ناو هەرێم

پشت بەست بە بڕیاری پەرلەمانی كوردستان ژمارە (13) لە (3/10/2002) و لەسەر پێشنیاری لیژنەی پێكهاتوو بە فەرمانی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە 2565 لە 20/11/2012 تایبەت بە پێكهێنانی لیژنەیەك لە بەڕێزان وەزیرانی (ناوخۆ، پلاندانان، دارایی وئابووری، بازرگانی وپیشەسازی) لەبەر ڕۆشنایی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لە كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ژمارە 17 لە 17/10/2012 تایبەت بە ڕاگرتنی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ ناو هەرێم لە بەرواری 15/2/2013 ەوە، بڕیاردرا بە دانانی مەرج و ڕێنمایی نوێ بۆ ڕێكخستنەوەی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ ناو هەرێم بەم شێوەیەی خوارەوە:
یەكەم: لەسەر ئاستی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی:
1) پێویستە سەرجەم ئەو كەسانەی كە بازرگانی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل دەكەن لە هەرێمی كوردستان خۆیان ڕێكبخەن وەك (كۆمپانیای تایبەتمەند لە بواری هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل) و لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تۆماری كۆمپانیاكان لە وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی خۆیان تۆماربكەن و مەرج نییە بریكاری ڕەسمی باوەڕپێكراوی كۆمپانیای دروستكەری جیهانی ئۆتۆمبێل بن.
2) لەدوای جێبەجێكردنی خاڵی (1)ی سەرەوە پێویستە لەسەر كۆمپانیاكانی تۆماركراو لە بواری هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل مۆلەتی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل وەربگرن لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بازرگانی لە (وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی)، و هیچ كۆمپانیایەك بۆی نییە بە بێ مۆڵەتی هاوردەكردن كاربكات سەرەڕای جێبەجێكردنی مەرجە گشتییەكانی تری تایبەت بە پێشكەشكردنی پاكانەی باجی دەرامەت و مەرجە تەكنیكیەكان و دارایی وژینگەییەكانی تر.
3) ئەوكۆمپانیایەی كە بەفەرمی نوێنەرایەتی كۆمپانیا جیهانییەكانی بواری دروستكردنی ئۆتۆمبێل دەكات لە هەرێم دەبێت پابەندبن بە هێنانی كەل و پەلی یەدەگ بە بڕی(5%) لە بەهای گشتی ئۆتۆمبیلی هاوردەكراو، سەرەڕای دامەزراندنی وەرشەی (صیانە) چاكردنەوەی گونجاو كە پشكنین بكرێت لە لایەن لیژنەی تایبەتی هاوبەش لە هەردوو (وەزارەتی ناوخۆ/ب.گ. هاتوچۆ) و (وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی) و دواتر بە ڕێنماییەكی هاوبەشی هەردوو وەزارەت مەرجەكانی ئەو وەرشانە دیاری دەكەن و لە هەمووحاڵەتێكدا پێویستە هەر ئۆتۆمبیلێك بۆ ماوەی (2) دوو سال زەمانەتی صیانەی هەبێت بە پێی ڕێنمایی ئاماژە پێدراو.
4) لە بەرامبەر پێدانی مۆڵەتی هاوردەكردن بۆ هەر ئۆتۆمبێلێك رەسم وەردەگیرێت بە بڕی (100000) سەد هەزار دینار لە لایەن وەزارەتی بازرگانی وپیشەسازی وەردەگیرێت بۆ هەر ئۆتۆمبیلێك لە بەرامبەر پێدانی مۆڵەتی هاوردەكردنی ئۆتۆمبیل و ڕێژەی (80% ) ی ئەم بڕە پارەیە دەكرێت بە داهات بۆ گەنجینە و ڕێژەی (20%) وەك پاداشت بۆ فەرمانبەران تەرخاندەكرێت بەپێی ڕێنماییەك كە لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری دەردەچێت بۆ ئەم مەبەستە .
5) بڕی (100000) سەد هەزار دینار وەك كرێی پشكنین لە لایەن دەستەی كۆنتڕۆڵی جۆریی وپێوانەسازی وەردەگیرێت.
دووەم: لەسەر ئاستی وەزارەتی دارایی و ئابوری :
1) پێویستە لە كاتی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل و ئامێرەكان بە هەموو جۆرەكانیەوە بۆ ناو هەرێمی كوردستان بەڵگەنامەی (Invoice) ی وڵاتی هاوردەكراوی لەگەڵ دابێت بە مەرجێك ڕەسەن (اصلی) بێت و ڕاستاندنی بۆ بكرێت لە لایەنی پەیوەندیدار چ باڵَیۆزخانەی عێراق لە وولاتی بیانی یان نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم یان پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە كۆمپانیای ئۆتۆمبێلی جیهانی یان هەر ڕێگایەكی تری شیاو.
2) لە كاتی هاوردەكردنی هەر ئۆتۆمبێل و ئامێرێك دەبێت ڕەسمی گومرگی بەهەمان ڕێژەی كارپێكراو لە حكومەتی فیدراڵَی لەسەر (Invoice) ی ئۆتۆمبێلەكە وەربگیرێت .
3) ڕێگەدان بە دووبارە هەناردنە دەرەوەی ئۆتۆمبێلی (تایبەت و گشتی) بە پێی ڕێنمایی وەزارەتی دارایی و ئابوری بە مەبەستی هاوردەكردنی ئۆتۆمبێلی مۆدیلی نوێ بە ڕەچاوكردنی یاسا و ڕێنمایی و مەرجەكانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، و لە هیچ كاتێكدا تەمەنی لە (10) دە ساڵ كەمتر نەبیت و (كەلەپوری) نەبێت .
سێیەم: لەسەر ئاستی وەزارەتی ناوخۆ:
لە كاتی تۆماركردنی هەر ئۆتۆمبێلێكی نوێ بە پێی مەرجەكانی ئەم بڕیارە لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگاكانی هەرێم، ڕەسمی تۆماركردن لە خاوەن ئۆتۆمبێل وەردەگیرێت بەپێی ئەم خشتەیەی خوارەوە و ئەو ڕەسمەش چەند قات دەكرێتەوە لە كاتی تۆماركردنی ئوتومبێلی سێیەم و چوارەم و یان زیاتر:
چوارەم: لەسەر ئاستی وەزارەتی پلاندانان/ دەستەی كۆنتڕۆڵی جۆریی وپێوانەسازی:
پێویستە ئەو ئۆتۆمبیلانەی هاوردەدەكرێن ئەم مەرجانەیان تیادا بێت:
1) كاركردن بە تایبەتمەندی خەلیجی ژمارە (GSO 42:2003) بۆ گشت ئۆتۆمبێلەكانی كە بە پێی خاڵەكانی ئاماژەپێدراوی سەرەوە هاوردە دەكرێت وەك پێداویستی تەكنیكی كاتی (متگلبات فنیە مۆقتە).
2) كاركردن بە تەوجیهاتی وولاتانی یەكێتی ئەوروپا بە ژمارە (Directive 2007/46/EC) وەك پێداویستی تەكنیكی كاتی بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی بۆ ئەوروپا دروستكراون و هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن ئەگەر هاوردەكار خۆی وویستی یان ئەگەر هاوشێوە نەبوو لەگەڵ تایبەتمەندی خەلیجی هاتوو لە بڕگەی (1)ی سەرەوە.
3) جام ڕەش نەبێت.
4) هەبوونی سیستمی (ABS) لە ئۆتۆمبێلەكانی جۆری سالون و دواتر ئەم مەرجە لەسەر ئۆتۆمبێلەكانی گواستنەوەی گشتیش جێبەجێ دەكرێت.
5) سەرجەم ئەو ئۆتۆمبێلانەی هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن دەبێت لە لایەن كۆمپانیاكانی پشكنین (الشركات الفاحصە) بڕوانامەی پشكنین وەربگرن هاوشێوەی ووڵاتی سەرچاوە وپشكنین بۆ دڵنیابوون دەكرێت لەسەر خاڵە سنووریەكانی هەرێم دواتر ڕێگە بە داخل بوونی دەدرێت.
پێنجەم:
1) ڕاگرتنی كاركردن بە سەرجەم ڕەزامەندییەكانی پێشوو تایبەت بە هاوردەكردنی ئۆتۆمبێل بۆ چەند توێژێكی دانیشتوانی هەرێم وەك لە (پڕۆژەی تاكسی كوردستان، گۆڕینی باصی كۆن، جووتیاران، وەكیلەكانی خۆراك، زیندانی سیاسی، مامۆستایانی زانكۆ و پەیمانگاكان، ، كەمئەندامان وخاوەن پێداویستی تایبەت، پیشمەرگەی دێرین، ...هتد)، كە ئەمانە ڕەزامەندی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان پێدراوە لە ساڵانی پشووەوە تا ئێستا بۆ هاوردەكردنی ئۆتومبێل بۆ ئەو چین و توێژانە بە بێ وەرگرتنی ڕەسمی تۆماركردن و بەخشینیان لە ڕەسمی گومرگیش بە ڕەچاوكردنی بارودۆخی تایبەتیان .
2) سەبارەت بەو كۆمپانیایانەی كە ڕەزامەندی بڕگە (1)ی سەرەوەیان هەیە و لە پێش گشتاندنی وەزارەتی دارایی بۆ ڕاگرتنی هاوردەكردنی ئۆتومبێل لە بەرواری 31/12/2012 گرێبەستیان هەیە لەگەڵ كۆمپانیاكانی دروستكەری ئۆتۆمبێل بڕیاردرا لیژنەیەكی لاوەكی قانونی و تەكنیكی و ژمێریاری لە وەزارەتەكانی (دارایی وئابووری و ناوخۆ و داد) پێكبهێنرێت بۆ ووردبینی گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە لەگەڵ كۆمپانیای جیهانی دروستكەری ئۆتۆمبێل و LC ی ئەو كۆمپانیایانە و دواتر ئەگەر لە دەرئەنجامی لێكۆڵینەوە ئەو كۆمپانیایانە سەلماندیان كە گرێبەستەكانیان پێش 31/12/2012 یە ئەوا ڕێگایان پێ بدرێت ، و ڕەزامەندییان بۆ داهاتوو لە دوای ئەو بەروارە ڕابگیرێت.
شەشەم :
وەزارەتە پەیوەندیدارەكان دەتوانن ڕێنمایی بۆ ئاسانكاری جێ بەجێكردنی ئەم بڕیارە دەربكەن .
حەوتەم :
وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان ئەم بڕیارە لە ڕۆژی دەرچووونیەوە جێ بەجێ دەكەن .
عیماد احمد
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران





