٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
هەواڵەکانی سەرۆک

بە ئامادەبوونی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆنفرانسی خولی چل و شەشەمینی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی دەستی بەكارەكانی كرد

سەرچاوە: KDP.info

بەچاودێری وئامادەبوونی بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە لەهۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵلا لەپایتەخت كۆنفرانسی 46ـەمین خولی یەكێتی زانكۆكانی عەرەبی دەستی بەكارەكانی كرد.

لەڕێوڕەسمەكەدا كە كۆسرەت ڕەسوول عەلی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان و فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی و ژمارەیەك لە وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وحكوومەتی فیدراڵ وسكرتێر ونوێنەرانی حزب ولایەنە سیاسییەكانی كوردستان ونوێنەرانی نێردە دیپلۆماسییەكان و زیاتر لە 200 سەرۆك و مامۆستای زانكۆ لە 22 وڵاتی عەرەبیدا ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر بەناوی خەڵكی پایتەختەوە بەخێرهاتنی میوانانی كرد وهیوای بەسەربردنی كاتێكی خۆشی لەپایتەخت بۆ خواستن لەو شارەی كە هەمیشە میواندۆست بووە وئەمڕۆش شارێكی پڕ لەئاوەدانی وئارامییە.

پاشان د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەددین لەوتەیەكدا سوپاسی سەرۆكی كوردستانی كرد بۆ ئەو ڕۆڵەی بەڕێزیان بۆ ئەنجامدانی ئەو كۆنفڕانسەی هەیبوو هەروەها ڕۆڵی بەڕێزیانی لەپێشخستنی بواری خوێندنی لەساڵانی نەوەدەكان لەسەردەمی هەبوونی دوو ئابڵووقە بەسەر كوردستان هێنایەوە بیری ئامادەبووان هاوكات سوپاسی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانیی كرد بۆ پێشخستنی ئەم بوارە بەتایبەتی لەڕووی دروستكردنی كامپی تازەی زانكۆی سەڵاحەددین.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەمیانەی پەیڤەكەیدا وێڕای بەخێرهێنانی میوانانی ئامادەبوو بۆ شاری هەولێر شاری مێژوو ، سەرۆكی كوردستان ئاماژەی بەوەدا هەولێر ئەو شارەی كە ماوەی 8 هەزار ساڵە بەزیندوویی ماوەتەوە و زانستخواز و زانایانی لەباوەشگرتووە و هەمیشە بەڕووی دیكتاتۆران وەستاوە بەتایبەتی هۆلاكۆ ئەمڕۆ شانازی بەمیوانداریكردنی ئەو كۆنفڕانسە دەكات ونیشانیدا هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان وپایتەختی دووەمی عێراق ئەمڕۆ وەك هەمیشە نموونەی پێكەوەژیانی نەتەوەیی وئایینی ومەزهەبی بووە.

سەرۆكی هەرێمی  كوردستان دووپاتیكردەوە ئامادەبوونی ئەم میوانانە بەڵگەیەكە بۆ ئەوەی ئامادەبووان پاڵپشتیی چەسپاندنی پرەنسیپەكانی زانست وزانیاری وبەهێزكردنی پەیوەندیی نێوان گەلان ودووپاتیكردەوە ئەگەر سەقامگیریی هەرێمی كوردستان و پێشكەوتنی زانستی و كولتووریی نەبوایە ئەم كۆنفڕانسەی تیادا ئەنجام نەدەدرا ولەهەموویشی گرنگتر ئەگەر ئازادی ودیموكراسییەتی كوردستان نەبوایە ئەم پێشكەوتنە نەدەبوو كە خۆی لەهەبوونی چەندین زانكۆ و وپەیمانگای پێشكەوتوو دەبینێت كە بەزمانی كوردی وعەرەبی وتوركی وئینگلیزی دەبینێت وتەنانەت لەسەردەمی هەبوونی دوو ئابڵووقەی ئابووری لەدژی كورد زانكۆكانی كوردستان ئەم پێشكەوتنەی تیادا بوو كوردستانیش هەمیشە بەو ڕەوت و ڕێگەیەوە بەقبووڵكردنی بەرامبەر بەردەوامبوو و بەمیوانانی ڕاگەیاند ئەوان بچنە هەرشوێنێك وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانەیان لەلا دەستدەكەوێت كە لەبارەی گەلی كورد و هەرێمی كوردستانەوە لەلایانەوە شاراوە بوو بەتایبەتی لەبواری ئەو پڕۆپاگەندانەی لەبەرامبەر گەلی كورد دا دەكرا بەوەی ئەم گەلە هەستیاریی بەرامبەر بە ڕۆشنبیرانی عەرەبەوە هەیە ئەمە جگە لە هەوڵەكانی شێواندنی مێژووی كورد .

سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیشانیدا مێژووی خەباتی گەلی كورد هەمیشە دووپاتی لەسەر ژیانی هاوبەشی نێوان گەلی كورد و عەرەب و هەبوونی ویستی هاوبەش كردووە و دروشمەكانی گەلی كوردیش هەمیشە دووپاتی لەسەر دیموكراسییەت بۆ عێراق كردووە بۆ هێنانەدیی ویست وخواستەكانی گەلی كورد ئەمەش لەخۆیدا بەڵگەیەكە بۆ هەبوونی ئەو برایەتییە بەتینە لەنێوان هەردوو گەلی برادا بەشێوەیەك كە هەمیشە كوردستان ماڵێكی ئارام بوو بۆ هەموو دیموكراسیخوازێك لەدوای ڕووخانی ڕژێمیش سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان ڕۆڵی كارای لەدامەزراندنەوەی دەوڵەتی عێراق بینی لەسەر بنەمای هاوبەشی و تەوافوق وجێبەجێكردنی دەستوور و بەدامەزراوەییكردنی دەوڵەتی عیراق وپاراستنی سەربەخۆیی دەزگا حكوومییەكان هەروەها نیشانیدا كورد هەمیشە لەبەرگریكردن لەمافی خۆی مكوڕە و هیچ كاتێكیش وەك چۆن لەمێژووی خۆیدا ڕێگەی بەهیچ دیكتاتۆرێك نەدا گەلەكەی لەناوببات ئاواش ئێستا توندتر ئەو خەباتە دەكات.

سەرۆك بارزانی باسی كارەساتی هەڵەبجەی بۆ میوانان كرد كە چۆن دوژمنانی ئەم گەلە ویستیان لەناوی ببەن بەڵام ئەم شارەش بووە سیمبوڵی ئازایەتیی كورد و ئاماژەی بەوەدا مانگی ئادار مانگی قەدەری كوردە چونكە زۆربەی دەستكەوت وكارەساتەكانی لەو مانگە دایە وهەر لەو مانگەشدا بەر لە زیاتر لە 2700 ساڵ لەڕۆژی نەورۆزدا بەسەر دیكتاتۆریزمدا سەركەوت ووەكو نەریتێكی ئەم گەلە ساڵانە ئاهەنگ بەم یادەوە دەگێڕێت.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان نیشانیدا ئەمڕۆ لەكوردستان 25 زانكۆ هەن كە 12 یان حكوومین ئەمە جگە لەهەبوونی 24 پەیمانگای تایبەتمەند و 6200 مامۆستای زانكۆ و 98000 قوتابیی زانكۆ و 2500 قوتابیی ماستەر ودكتۆرا هەیە ئەمە جگە لە 1600 قوتابی كە لەدەرەوە لە زانكۆ جیهانییەكاندا دەخوێنن.ساڵانەش دەیان هەزار قوتابی لەزانكۆكانی كوردستاندا دەخوێنن و بەپێشكەوتووترین شێوە وانە و پڕۆگرامەكانی خوێندنیان جێبەجێدەكەن.

هەروەها سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەدا هەرێمی كوردستان دەیەها كەناڵی تەلەڤزیۆنیی ناوخۆ و ئاسمانیی حزبی وئەهلی وئازادی هەیە كە بەئازادییەوە كاردەكەن هەروەها چەندین هۆڵی شانۆ و سینەمای تیادایە كەڕەنگدانەوەی ژیانی ئەمڕۆی كوردستانە.

هەر لەم ڕێوڕەسمەدا سەرۆكی یەكێتی گشتیی زانكۆكانی عەرەبی و سەرۆكی خولی پێشووی ئەم یەكێتییە و وەزیرانی خوێندنی باڵای عێراق و هەرێمی كوردستان وتاری خۆیان پێشكەشكرد.

شیاوی باسە ئەم كۆنفڕانسە لەماوەی 3 ڕۆژدا چەندین پرسی گرنگی پەیوەست بە زانكۆكانی ناوچەكە و میكانیزمی هاوكاری وكاری هاوبەش تاوتو دەكات.

هەواڵی پەیوەندیدار