٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
عێراقی و نێوده‌وڵه‌تی

سەرکردەیەکی کوردی سوریا: ئەوکەسەی بۆتە سەرۆکی کاتی حکومەتی سوریا کوردی نازانێت

سەرچاوە: KDP.info

سوریا-تایبەت بەKDP.info/ دوێنی ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا سەرۆکی حکوومەتی کاتی سوریای دەستنیشان کرد کە بەڕەگەز کوردە، پارتە کوردییەکانی سوریاش ئاماژە بەوە دەکەن، ئەوان بەشدار نینە لەو حکوومەتە و ئەو کەسەی بۆتە سەرۆکی ئەو حکوومەتەش نوێنەرایەتی ئەوان ناکات.

لەمبارەیەوە مستەفا جومعە سەرۆکی پارتی ئازادی کورد لە سوریا کە سەر ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردی سوریایە بەkdp.infoراگەیاند: ئەوان بەشدارنینە لەو حکوومەتەی کە دوێنێ لەتورکیا دامەزرا و ئەو کەسەی کە کراوەتە سەرۆکی ئەو حکوومەتە خەڵکی شامە، بەڵام کوردیش نازانێت، بۆیە بەھیچ شێوەیەک ئەوان ئەم حکوومەتەیان پێ قبوڵ نییە و بە نوێنەری خۆیان نازانن.

مستەفا جومعە گوتیشی: ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا لەبەر ئەوە ئەو کەسەیان کردووە بە سەرۆکی حکوومەتی کاتی سوریا کە کوردە و سەرۆکی ئیئتیلافیش عەرەبە، بەڵام ئەو کەسە نوێنەرایەتی کورد ناکات و ھیچ کوردێکیش ئەمەی پێ قبوڵ نییە.

لەلایەکی دیکەشەوە د.محه‌مەد رەشۆ نوێنەری ئەنجوومەنی گەلی رۆژئاوای کوردستانی سوریا لەھەرێم بەKDP.infoراگەیاند: ئەو حکوومەتەی پێکھاتووە نوێنەرایەتی شەقامی کوردی لەسوریا ناکات، لەبەر ئەوەی بەبێ پرس و بەشداری ئەوان پێکھاتووە.

د.مەحمەد رەشۆ گوتیشی: دەستەی باڵای کوردی لەسوریا ھەیە و تەنھا ئەو دەتوانی حوکم لە ناوچە کوردییەکان بکات و نوێنەرایەتی کورد دەکات، چونکە لەھەموو پارتە کوردییەکان پێکھاتووە.

دوێنێ ئیئتیلافی نیشتیمانی سوریا له‌ شاری ئەستەنبوڵ لە تورکیا کۆبوونەوە بۆ دەستنیشانکردنی سەرۆکی کاتی حکوومەتی سوریا و غەسان ھیتۆ کە بەرەگەز کوردە بەزۆرینەی دەنگ بووە سەرۆکی کاتی ئەو حکوومەتە.

هەواڵی پەیوەندیدار