٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری سەرۆكی پەرلەمان پێشوازی لەهەر دوو كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە و قوربانیانی كیمیابارانی سەردەشت دەكات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر- KDP.info/ د.حەسەن محمد سورە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بەئامادەبوونی ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنەی یاسایی ولیژنەی كاروباری پێشمەرگەو شەهیدان وقوربانیانی جینۆساید پێشوازی كرد لەهەر دوو كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی هەڵەبجە وكۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی سەردەشت.

سەرەتا جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەخێرهاتنی هەردوو كۆمەڵەی كرد، ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە سوپاسی رەخساندنی ئەو دەرفەتەیان كرد بۆ دیداری پەرلەمانی كوردستان.

لەدیدارێكدا سەرۆكی كۆمەڵەی قوربانیانی هەڵەبجە ئاماژەی بەو هەوڵانەی كرد كە تاكو ئێستا بۆ ناساندنی كەیسی قوربانیانی هەڵەبجە لەگشت ئاستەكان داویانە تاكو بەجینۆساید بناسێنرێت، و هەروەها كۆمەڵەی قوربانیانی كیمیابارانی سەردەشت كەیسی خۆیان سەبارەت بەكیمیابارانی سەردەشت لەلایەن رژێمی بەعسەوە خستەڕوو.

جێگری سەرۆكی پەرلەمان وێرای دەستخۆشی لێكردن لەهەردوو كۆمەڵەكە لەو كاروچالاكیانەی ئەنجامیانداوە ئاماژەی بەوەشكرد كیمیابارانی هەڵەبجە كارەساتێكی دڵتەزێن بوو ئەم رووداوە بوو بە كردنەوەی گرێی بەختی كورد لەهەرێمی كوردستانی عێراق وگەیشتن بەئازادی وسەربەستی و دەستكەوتەكانی كورد كەخۆی لەحكوومەتی هەرێمی كوردستان وپەرلەمانی كوردستان دەبینێتەوە، وئاماژەی بەوە كرد كیمیابارانكردنی هەڵەبجە وسەردەشت دەچنە خانەی تاوانی دژ بەمرۆڤایەتی كە لەلایەن رژێمی بەعسەوە ئەنجامدراوەو سوپاسی كۆمەڵەی قوربانیانی سەردەشتیشی كرد كە بەشداری مەراسیمی 25 سالەی كیمیابارانی هەلەبجەیان كردووە. جێگری سەرۆكی پەرلەمان روونیشیكردەوە پەرلەمانی كوردستان هەوڵدەدات ئەم كەیسەو كەیسەكانی تری پەیوەست بەجینۆسایدی گەلی كورد لەدادگاو ناوەندە بریار بەدەستەكانی جیهان بوروژێنین تاكو چوارچێوەیەكی یاسایی جیهانی وەربگرێت.

هەواڵی پەیوەندیدار