عەبدوڵڵا ئۆجەلان: لە 21ی ئاداردا پەیامێكی مێژوویی پێشكەش دەكەم

کودستانی باکور- KDP.info/ شەوی دووشەممە سێیەمین وەفدی بەدەپە دوای سەردانی خۆی بۆ ئیمراڵی و چاوپێكەوتنی لە گەڵ ئوجەلاندا، لە كاتی گەڕانەوەی بۆ ئەستەنبوڵ لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا باسی ناوەرۆكی چاوپێكەوتنەكەی كرد.
لەم بارەیەوە بە ناوی وەفدی ناوبراو هاوسەرۆكی بەدەپە سەلاحەدین دەمیرتاش لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتی: چاوپێكەوتنەكەمان زۆر گرنگ و ئیجابی بوو و ئۆجەلان لەم چاوپێكەوتنەدا رایگەیاند كە لە رۆژی 21ی ئاداردا لە كاتی مەراسیمی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز لە دیاربەكر پەیامێكی زۆر گرنگ و مێژوویی ئاراستەی رای گشتی توركیا و جیهان دەكەم.
دەمیرتاش لە بەشێكی دیكەی وتەكانیدا باسی ئەوەی كرد كە ئۆجەلان داوای لە پارلەمانی توركیا كردووە كە بۆ ئەوەی قۆناغی چارەسەریی و هەنگاوەكانی چارەسەریی بگەنە ئەنجامی خوازراو پێویستە چەندین هەنگاوی گرنگ بنێت و بۆ مەسەلەی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە یاسایەك دەربکات و لە چوارچێوەی ئەم یاسایەیشدا كۆمیتەیەكی تایبەتی لە ژێر چاودێری پارلەماندا دابمەزرێت و ئەم كۆمیتەیە چاودێری قۆناغی كێشانەوەی هێزەكانی پەكەكە و ئاگربەست بكات.




