د.مەحمود عوسمان: لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیار نەدراوە پەرلەمانتار و وەزیرەکان بگەڕێنەوە بەغدا یاخود نا

ھەولێر- تایبەت بەkdp.info/ د.مەحمود عوسمان ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە سەر لیستی ھاوپەیمانی کوردستانی بە kdp.infoراگەیاند: لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ھیچ بڕیارێک دەربارەی گەڕانەوە یاخود نەگەڕانەوەی ئەندامە کوردەکانی حکوومەتی بەغدا نەدراوە، کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ راگۆڕینەوە و ھەڵسەنگاندن بوو هەروەها هیچی تازە روی نە داوە لە مەڕ پەیوەندی لە گەڵ بەغدا و ئەو وڵاتانەی پەیوەندی بەو کێشانەوە ھەیە، تەنیا بڕیار درا کۆبوونەوەکە بەکراوەیی بمینێتەوە و راوێژبکرێت و کۆمیتەیەک پێکهێنرا لە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و ئەو کۆمیتەیە رۆژانە بە دواداچوون بۆ کارەکان دەکات و راپۆرتیش پێشکەشی کۆبوونەوەکانی ئایندە دەکات و رەچاو دەکرێت لە داھاتوودا لەمبارەوە بڕیارێک بدرێت.
د.مەحمود عوسمان گوتیشی: لەکۆبوونەوەی ئەمڕۆ ھیچ بڕیارێک نەدراوە کە وەزیر و پەرلەمانتارەکانی کوردستان بگەڕێنەوە بەغدا یاخود نا، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت کۆبوونەوەی داھاتوو بکەوێتە مانگی نیسان و ئەو کات رەنگە بڕیارێک لەمبارەوە بدرێت.
عوسمان لەدرێژەی قسەکانی بۆ ماڵپەڕی فەرمی kdp.info گوتی: وەزیرەکان لێرە دەمینێنەوە، بەڵام پەرلەمانتاران گەر بگەڕێنەوە بەغداش، لە کاتی سازدانی هەر کۆبوونەوەیەک دەبێت بگەڕێنەوە کوردستان، بەڵام هیچ بڕیار نەدراوە دەربارەی ئەوەی بگەڕێنەوە یاخود نەگەڕێنەوە بەغدا، ئەوەی باسکراوە تەنیا باس مەسەلەی راوێژکردن بووە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد: تارادەیەک ھەموو لایەنەکان یەک ھەڵوێست بوون ڕەنگە رای جیاوازیش ھەبێت، بەڵام بەگشتی یەک ھەڵوێست بوون و ئەو بەیاننامەیەی دەریشکراوە بۆچوونی ھەموو لایەنەکانە.




