هاوپه‌یمانیی نیشتیمانی له‌سه‌ر كاندید رێك نه‌كه‌وێت، داوا له ڕه‌وتی سه‌در ده‌كرێت كاندید دیاری بكات

په‌رله‌مانتارێكی هاوپه‌یمانی كوردستان، ئاشكرای ده‌كات، رێكنه‌كه‌وتنی هاوپه‌یمانی نیشتیمانی له‌سه‌ر كاندیدێك بۆ جێگره‌وه‌ی مالیكی، هۆكاری سه‌ره‌كییه بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رۆك كۆمار تائێستا داوای دانیشتنی نائاسایی له په‌رله‌مان نه‌كردووه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی، ئاشكراشیده‌كات، گه‌ر هاوپه‌یمانی نیشتیمانی له ماوه‌یه‌كی نزیكدا كاندیدی خۆیان یه‌كلا نه‌كه‌نه‌وه، داوا له ره‌وتی سه‌در ده‌كرێت كاندیدی خۆی بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ستنیشان بكات.
شه‌ریف سلێمان، ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی كوردستان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، بۆ خه‌ندان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه سه‌رجه‌م ئیمزاكان بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی دراونه‌ته ده‌ست سه‌رۆك كۆمار، وتیشی:"به‌ڵام سه‌رۆك كۆمار تائێستا داوای له سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نه‌كردووه بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی دانیشتن ببه‌ستێت، چونكه هێشتا هاوپه‌یمانی نیشتیمانی له‌سه‌ر جێگره‌وه‌ی مالیكی، له‌نێو خۆیاندا رێكنه‌كه‌وتوون".
جه‌ختیشیكرده‌وه، هه‌موو لایه‌نه‌كان رێككه‌وتوون كه پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت پشكی هاوپه‌یمانی نیشتیمانییه، وتیشی: "به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان له نێو خۆیاندا له ماوه‌یه‌كی گونجاو‌دا له‌سه‌ر كاندیدێك رێكنه‌كه‌وتن، ئه‌و كات داوا له ره‌وتی سه‌دری ده‌كرێت كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌ت ده‌ستنیشان بكه‌ن".
ئاشكراشیكرد، كاندیده‌كانی نێو هاوپه‌یمانی نیشتیمانی بریتین له: عادل عه‌بدولمه‌هدی، ئیبراهیم جه‌عفه‌ری و باقر جه‌بر سوڵاغ، له‌لایه‌ن ره‌وتی سه‌دریشه‌وه قوسه‌ی سوهه‌یل، جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران دیاریكراوه.
وتیشی:"تا هاوپه‌یمانی نیشتیمانی به‌ڕه‌سمی كاندیدی خۆی دیاری نه‌كات، ئه‌وا لایه‌نه‌كانی دیكه بۆچوونی خۆیان له‌باره‌ی كاندیده‌كانه‌وه ناخه‌نه‌ڕوو، له ئێستاشدا هیچكام له‌و كاندیدانه ره‌تنه‌كراونه‌ته‌وه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی هاوپه‌یمانی كوردستان، دووپاتی ده‌كرده‌وه كه له ئێستادا ئیمزای پێویست بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی كراوه و ئه‌و قۆناغه تێپه‌ڕیوه، وتیشی:"ئێستا له قۆناغی دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه‌ین و چاوه‌ڕێی دیاریكردنی كاندیدی دوای مالیكی ده‌كرێت".
ته‌ئكیدیشیكرده‌وه، ئه‌گه‌ر تا كۆتایی ئه‌م هه‌فته‌یه سه‌رۆك كۆمار داوا له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران نه‌كات دانیشتنی نائاسایی بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی متمانه له مالیكی ببه‌سترێت، ئه‌وا سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی داهاتوو داوایان لێده‌كات، بۆ ئه‌و پرسه‌ش هیچ كێشه‌یه‌كیان نه‌ماوه و هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه‌ی له‌هه‌ولێر و نه‌جه‌ف كۆبوونه‌وه، ئیمزایان له‌سه‌ر داواكه كردووه.




