Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"320 ھەزار ھاوڵاتی لە داشکانی قەرزی ئاو سوودمەند بوونە"

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێم زانیاری دا، پێشتر بەھۆی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، 320 ھەزار ھاوبەشی ئاو لە داشکاندنی قەرزی کرێی ئاو سوودمەندبوونە..دەشڵێت، لە بڕیاری نوێدا رێژەی داشکانی قەرزی ئاو زیاد کراوە.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" لە ھەرێمی کوردستان یەک ملیۆن و ٢٠٠ ھەزار ھاوبەشی ئاو ھەیە بەھەموو جورەکانییەوە، پێشتر سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داشکاندنی بۆ قەرزی کرێی ئاو دەرکردبوو  کە بە رێژەی ١٥% لێخۆشبوون بۆ قەرزی ئاو کرابوو، بەھۆی بڕیاری پێشووی سەرۆکی حکوومەت 320 ھەزار ھاوبەش لە بڕیاری لێخۆشبوونی قەرزی ئاو سوودمەندبوون، گوژمەی لێخۆشبوونی قەرزی ئاو گەیشتە نۆ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن، دیناری عێراقی.

بەڕێوەبەری گشتی ئاو ئاماژەیشی دا" بە مەبەستی کەمکردنەوەی بەشێکی کاریگەرییەکانی قەیرانی دارایی سەر ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری لێخۆشبوونی بەشێکی دیکەی قەرزەکانی لای ھاوڵاتیان دەرکرد یەکێک لەو کەرتانەی داشکانی بۆ کراوە قەرزی کرێی ئاوە لای ھاوڵاتیان و ھاوبەشانی ئاو.

ئاری ئەحمەد روونی کردەوە" رێژەی داشکان یان لێخۆشبوونی قەرزی ئاو بووەتە ٢٠%، ئێمە دڵنیاین ژمارەیەکی زۆری ھاوڵاتیان لە بڕیاری سەرۆکی حکوومەت سوودمەند دەبن، داوا لەو ھاوڵاتیانە دەکەین کە قەرزی کرێی ئاویان لایە سەردانی فەرمانگەکانی ئاو بکەن بۆ ئەوەی لە بڕیارەکەی حکوومەت سوودمەندبن.

قائید میرۆ