Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئابووریناسان: بڕیارەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە بەرژه‌وەندی خەڵکدان

ھەولێر-KDP.info- دوێنێ ئەنجوومەنی وەزیران کۆبوونەوەی خۆی سازکرد و تێیدا نۆ بڕیاری دەرکرد، شارەزایانی ئابووریش پێیان وایە ئەو بڕیارانە گرنگن و لەبەرژوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان دان و کاریگەری لەسەر باشبوونی دۆخی ئابووری ھەرێمی کوردستان دەبێت.

عەلی ئیبراھیم، ڕاوێژکار لە بواری بزنس و وەبەرھێنان و نیشتەجێبوون، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو بڕیارانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زۆر گرنگ بوون، بەھۆی ئەوەی لەماوەی ڕابردوو ھەرێمی کوردستان لەژێر کاریگەری زنجیرەک ئابلوقەی ئەمنی و ئابووری دابوو، بە درۆن موشەک باران دەکرا و سەرمایەداران دەکرانە ئامانج و قەیرانی ئابووری ھەبوو، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵپشت بە خەڵکی خۆی توانیویەتی خۆڕاگربێت، ئەو بڕیارانەش وەکو وەڵامدانەوەیەکە ، ھەرێمی کوردستان و خەڵک پرۆسەی وەبەرھێنان و بووژانەوە بەردەوام دەبێت، چونکە کۆمەڵێک خاڵ ھەیە لە ھەرێمی کوردستان ھەن  ناحەز و دوژمنانی کوردستان چەند بیانەوێت  ناکرێت جیابکرێتەوە، لەوانە پێگەی ھەرێم لەناوچەکە و ئارامی و سەقامگیر و پێکەوەژیان و بوونی یاسایەکی وەبەرھێنان کۆمەڵێک خاڵی زۆر گرنگن و ھەرێم سوودی لێ وەرگرتووە.

عەلی ئیبراھیم گوتیشی: ئەو بڕیارانە ھەناسەیەکی گەورە بە بەر بازاڕدا دێنێتەوە، ئەو ھەورە تاریکەی لەسەر بازاڕی ھەرێم ھەبوو دەڕەوێتەوە و پێشبینی دەکەین لە داھاتوویەکی نزیکدا کۆمەڵێک دەستپێشخەری تازەی بەسەردابێت و قەرەبووی ئەم قۆناغە بکاتەوە و لە بەرژوەندی فەرمانبەران و بازاڕ و وەبەرھێنان بێت، بۆیە ئەم بڕیارانە زۆر باش بوون و لەکاتێکی زۆر باش و گونجاودابوون.

هاوکات شارەزای ئابووری، د.خالد حەیدەر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی یموکراتی کوردستان گوتی: ئەو بڕیارانەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داویەتی لە بەرژوەندی خەڵکی کوردستان و مووچە خۆران دایە،  بەڵام مووچە خۆی مافی خەڵکە و پێویست ناکات ببێتە مژدە بۆ مووچەخۆران، بۆیە ھاووڵاتییان کە گلەیی دەکەن مافی خۆیانە، دەوام دەکەن و پێویستە مووچەکەیان پێبدرێت.

ھۆکاری سیاسی ھەن و پێویستە لە نێوان حکوومەتی ھەرێم و بەغدا ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن، بۆیە دابەشکردنی مووچە کاریگەری زۆر باشی دەبێت لەسەر ئابووری و بازاڕ لە ھەرێمی کوردستان، چونکە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا مووچەی مانگی سێش بدرێت.

د.خالد حەیدەر گوتیشی: بڕیارەکانی دیش زۆر باشن  وەکو لێخۆشبوونی قەرزەکان، لەوەی خەڵک ئەو قەرزەی لەسەریەتی لەجیاتی ئەوەی ٨٠ھەزار بدات ٦٠ھەزار دەدات وەکو ئەوە وایە ٢٠ھەزاری دەست کەوتبێت، بۆیە ئەمە لە حاڵەتێک زۆر باشە  مانگانە مووچە بدرێت و بەغدا ڕەوانەی بکات، بۆ دابەشکردنی زەویش کارێکی زۆر باشە فەرمانبەر بۆ ئەوەی پارچەیەک زەوی بکڕێت چەند ساڵی پێویستە، بەڵام کە زەوی پێبدرێت ئەوکات دەرفەتی بۆ خۆش دەبێت ببێتە خاوەن خانووی خۆی، بۆیە ئەمەش کاریگەری زۆر باشی لەسەر دۆخی خەڵک دەبێت، ئەوەی زۆر گرنگە جێبەجێکردنی ئە بڕیارانەیە، بۆ ئەوەی خەڵک ڕاستەوخۆ بتوانن سود لەو بڕیارانە وەربگرن و متمانەش لەنێوان خەڵک و حکوومەت دروست بێت.

بڵند ئیبراھیم