Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت فەرمانبەران و ھاووڵاتییانی دڵخۆش کرد

ھەولێر _KDP.info_ ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان، دڵخۆشن بە بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و مامۆستایەکی زانکۆش دەڵێ: بڕیارەکانی دوێنێی سەرۆکی حکوومەت، متمانەی زیاتری بە ھاووڵاتییان بەخشی و بڕیارەکان بۆ ھەموو ھاووڵاتییان و فەرمانبەران ئومێدبەخشن.

دیمەن ساڵح، فەرمانبەری وەزارەتی پەروەردە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: سەرەڕای دواکەوتنی مووچە و ئەو ھەموو کێشانەی ئێستا ھەرێمی کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، کاتێک دوێنێ بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گەیشتە ئێمە، ئاھێک بە فەرمانبەردا ھاتەوە، چونکە دەمێکە ئێمە چاوەڕێی ئەوە بووین حکوومەت جگە لە مووچە، ئاوڕی جیددی لە فەرمانبەران بداتەوە.

ئەو فەرمانبەرە گوتیشی: ھەموو بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانن، بەڵام ئەوەی زیاتر ئێمەی دڵخۆش کرد، بڕیاری دابەشکردنی زەوییە، لەبەر ئەوەی زۆر لە فەرمانبەران کێشەی نیشتەجێبوونیان ھەیە و ساڵانی پێش قەیرانی دارایی فەرمانبەری زۆر سوودمەند بوون، پێویستە عەدالەت ھەبێت لە دابەشکردنی زەوی و ھەر فەرمانبەرێک بەپێی ساڵانی خزمەت و باری خێزانی سوودمەند بێت لە وەرگرتنی پارچەیەک زەوی.

سەردار شەریف کە پێشمەرگەیە، لەبارەی بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: چاوەڕێی وەرگرتنی مووچەم بۆ ئەوەی بچم قەرزی کەڵەکەبووی کارەبا بدەم بە حکوومەت، لەبەر ئەوەی زیاتر لە ٦٠٠ ھەزاری کرێی کارەبا قەرزارم و ئەو داشکاندنە کارێکی باش بوو تا بتوانین قەرزەکانمان بدەینەوە.

د.سانع شەریف، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت جێگەی متمانەی ھاووڵاتیانن، نیگەرانییەکانی فەرمانبەرانی ڕەواندەوە و دڵنیای کردنەوە تەنیا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زامنی مافی فەرمانبەران و ھاووڵاتیانی ھەرێم دەکات،  بڕیارەکانی دوێنێی سەرۆکی حکوومەت دەبێتە ھۆی بەرپابوونی سەقامگیری لە ھەرێمی کوردستان و لەنێو ھاووڵاتیاندا، ئەوەش بەو مانایەی حکوومەت جیاوازی ناکات لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتیان و فەرمانبەران.

قائید میرۆ