Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ھەزار مامۆستای شنگال دەکرێنە گرێبەست

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی ئیداریی پارێزگای مووسڵ دەڵێت: لە شنگال و لەناو ئاوارەکان دوو گرفت ھەبوو یەکێک چارەسەرکراوە کە دامەزراندنی ھەزار وانەبێژە، ئەوەی دیکە ماوە ئەویش ھەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتی پەروەردەیە لە ھەرێم کە کێشەیەکی زۆر گەورە بۆ ئاوارەکان دروست دەکات، بۆیە فراکسیۆنی پارتی بەردەوام لەسەر خەتە.

یاریدەدەری پارێزگاری مووسڵ، ڕەفعەت سمۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: داخستنی ھەردوو نوێنەرایەتی پەروەردە لە ھەرێمی کوردستان گرفتی گەورە بۆ ئاوارەکان دروست دەکات، چونکە ئێستا تەنیا لە کەمپەکانی دهۆک ٢٠٠ ھەزار ئاوارە ھەیە و لە ھەرێمی کوردستان سەقامگیر بوونە و ئامادەنین بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان، چونکە بێ ھیوابوون لەوەی ناوچەکانیان ئاوەدان بکرێتەوە و سەقامگیر بێتەوە، بۆیە ئەمە گرفتێکی گەورە بۆ قوتابیانیان دروست دەکات، لەبەر ئەوەی شنگال نە ئاوەدان کراوەتەوە و نە ئەمنیەتی ھەیە بەھۆی بوونی چەندین جۆری گروپی چەکداری، بۆیە لەو پرسە ھیچ ڕای ئێمەیان وەرنەگرتووە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران ئەو بڕیارەی بەبێ دیراسەکردن داوە و پەرلەمانتارانی ئێمە لەسەر ئەو پرسە لەسەر خەتن بۆ ئەوەی چارەی بکەن.
یاریدەدەری پارێزگاری مووسڵ گوتیشی: ١٧ھەزار پلەی دامەزراندن لە هەموو بوارەکاندا بۆ مووسڵ دانراوە و بەھۆی ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٩وە ھەزار وانەبێژمان لە شنگال ھەبوو دانەمەزران بە ھەوڵی نوێنەرانی فراکسیۆنی پارتی بڕیارە لەو ١٧ھەزار کەسە ھەزار پلە بدرێتە شنگال و ئەو وانەبێژانە دابمەزرێن.
ڕەفعەت سمۆ ڕوونیشی کردەوە: سەرۆک وەزیران ڕەزامەندی داوە بە ھەوڵی ئێمە ئەوانەی ماون کە ھەزار کەسن بکرێنە گرێبەست بۆ ماوەی سێ ساڵ و دواتریش کار دەکەین بۆ ئەوەی بکرێنە فەرمیی، چونکە بڕیارە لەو ١٧ھەزار پلەی دامەزراندن ھەشت ھەزاری بۆ سلکی پەروەردە بێت لەویش ھەزاری بۆ شنگالە و ئەوانەی دیکەش بەپێی فۆرم دەبیت.

بڵند ئیبراھیم