Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی دۆڵەمەری: فەرەنسا پشتگیری لە ھەرێم دەکات

فەرەنسا _KDP.info_ نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرنسا دەڵێت، فەرەنسا پشتگیری لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکات و داوا دەکات ھەرێم و بەغدا کێشەکانیان بەپێی دەستوور چارەسەر بکەن، چونکە ئەوان پێیان وایە بۆ ئەوەی عێراق سەقامگیر بێت پێویستە کێشەکانیان لەگەڵ ھەرێم چارەسەر بکەن.


نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرەنسا،  عەلی دۆڵەمەری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: فەرەنسا یەکێکە لەو وڵاتانەی ھەمیشە پشتگیری لە ھەرێمی کوردستان دەکات، سەردانی ئەمجارەی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش زۆر باش و سەرکەوتوو بوو، چونکە ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوان زۆر گرنگە و پشتگیری خۆشیان بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بۆیە شاندی ھەرێم پەیامی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیان گەیاندە فەرەنسا.
عەلی دۆڵەمەری گوتیشی: لایەنی فەرەنسا جەختی لەوە کردەوە پێویستە عێراق کێشەکانی لە چوارچێوەی دەستوور لەگەڵ ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکات و مافەکانی ھەرێمی کوردستان بدات، چونکە دڵگرانن لەوەی ئەو کێشانە بەردەوام بن، ئەوان پێیان وایە سەقامگیری عێراق و ھەرێمی کوردستان بەندە بە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق.
دۆڵەمەری باسی لەوەش کرد: لە مێژوودا بۆ یەکەم جارە لە سیناتی فەرەنسا یادی نەورۆز بە بەشداری شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بکرێتەوە، ئەوەش ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، وڵاتی فەرەنسا گرنگی زۆر بە ھەرێمی کوردستان دەدات و جێگەی بایەخی ئەوانە.
دەشڵێت: ئەوانە زۆر تەئکیدیان لەوە دەکردەوە پێویستە کێشەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا چارەسەر بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش دەستوور بکرێتە سەرچاوە، چونکە ئەوان نایانەوێت دەستوەردانی ڕاستەوخۆ بکەن، کار دەکەن کشەکان لە نێوان ھەردوو لا بە گفتبوگۆ و بەپێی دەستووری عێراق چارەسەر بکرێن.

بڵند ئیبراھیم