Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

زوڵمە گەورەکە بەردەوامە

ھۆشیار سیوەیلی

دوو ڕۆژ لەمەوبەر ساڵێک تێپەڕی بەسەر ڕاگرتنی ھەناردەکردنی نەوتی کوردستان، بەمەش ئەو زوڵمە ئابوورییە گەورەیەی لە خەڵکی کوردستان دەکرێت پێی نایە ساڵی دووەم، بەپێی ڕاگەیاندراوێکی ڕێکخراوی پیشەسازی نەوتی کوردستان (ئەپیکۆر)، لە ماوەی ئەم ساڵەدا پیشەسازی نەوت زیاتر لە ١١ ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە و بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی نەوتی عێراق کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بڵاوکرایەوە، ھیچ ئاسۆیەکی ڕێککەوتن بۆ ھەناردەکردنەوەی نەوت بەدی ناکرێت.

ھەرچەندە حکوومەتی عێراق چەندین پاساوی بێ بنەما دەھێنێتەوە بۆ دەست پێنەکردنەوەی ھەناردەکردن، بەڵام بۆ خۆشیان و دنیاش دەزانێت ھۆکارەکان سیاسین و بەشێکن لەو ئابلوقە ئابوورییەی خستویانەتە سەر ھەرێمی کوردستان، ئەم جەنگە درێژکراوەی ھەموو جەنگەکانی ترە کە لە ماوەی ئەم سەد ساڵەدا ھەمان ئەو عەقڵیەتە شۆڤێنییە بەسەر کوردستانیاندا سەپاندووە.

ئەوان زۆر باش دەزانن بە بەشێکی زۆر کەمی ئەو یازدە ملیار دۆلارە دەیانتوانی کۆمپانیاکانی نەوت ڕازی کەن و ئەوەشی دەمێنێتەوە بوودجەی ھەرێمی لێبدەن، ئەمەیان نەکرد چونکە ئەوان زۆر باش دەزانن چی دەکەن، دەیانەوێت ژێرخانی پیشەسازی نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستان بڕوخێنن و کۆمپانیا بیانییەکان ناچار بکەن ئەم ھەرێمە بەجێبھێڵن، ئەوان باشتر تێگەیشتوون کە پێشککەوتن و پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غاز پێگەی ھەرێم لە سەر شانۆی ئابووری و سیاسی نێودەوڵەتی بەھێز دەکات و بنەمای ئابووری سەربەخۆ پتەو دەکات و دەبێتە ھۆی بوژانەوە و گەشەسەندنی ئابووری کوردستان و چیتر سامانی نەوت بۆ وێرانکردنی کوردستان بەکارناھێنرێت، ڕەنگە گرێبەستەکانی نەوت بێ کەموکوڕی نەبن، بەڵام دەبێت ئەمە لەبەر ڕۆشنایی ئەو ڕیسکە سەیر بکرێت کە کۆمپانیاکان کردوویانە، دوای ساڵێک لە ڕاوەستانی ھەناردەی نەوتی ھەرێم زۆر باش ڕوون بۆوە کە چەندە ساویلکە بوون ئەوانەی دەیانوت ئەگەر ھەرێم نەوتەکە ڕادەستی سۆمۆ بکات کێشەی بوودجە و مووچە کۆتایی دێت و دنیا دەبێتە شامی شەریف، ئەوان لەبەر گەندەڵی ناتوانن شارەکانی تری عێراق بھێننە ئاستی پێشککەوتنی شارەکانی ھەرێم، بەڵکو دەیانەوێت شارەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاستی دواکەوتووی شارەکانی عێراق دابەزێنن.