Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د.مەیادە نەجاڕ: پارتی بە مەرج بەشداری لە ھەڵبژاردن دەکات

ھەولێر-KDP.info-  پەرلەمانتارێکی پێشووی عێراق دەڵێت، بەبێ جێبەجێنەکردنی مەرجەکان، پارتی ئامادە نییە بەشداری لە پرۆسەی ھەڵبژادنی ئەمساڵ بکات.. دەشڵێ: پارتی ھیچ بڕیارێکی سەپێندراو قبووڵ ناکات و ھەڵوێستی مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دایە.

د.مەیادە نەجاڕ چاودێری سیاسی و ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیاری مەکتەبی سیاسی بۆ بەشداری نەکردنی پرۆسەی ھەڵبژاردن بڕیارێکی زۆر ژیرانە و کوردستانیانە بوو، چونکە پارتی ناچێتە ھەڵبژاردنێکەوە ھەر لە ئێستاوە ئەنجامەکەی دیارە، بەپێی زانیارییەکان دەستکاری ئەنجامەکان دەکرا و چەندین کێشە بۆ پرۆسەکە دروستکراون، لەوانەش کێشە بۆ سەدان ھەزار دەنگدەر دروستکروە، ئەوانە ھۆی دروست بوونی گومانن لەسەر ھەڵبژاردنێک ھێشتا چەند مانگی ماوە بەڕێوەبچێت پارتی چۆن دەچێتە ناو ئەو پرۆسەیەوە.

ئەو پەرلەمانتارەی پێشووی عێراق گوتیشی: بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری نادەستوورین و پارتی بەھیچ شێوەیەک ناچێتە ژێر باری ھەندێ بڕیار و ئەجێندای سیاسی، ھەڵوێستی مەکتەبی سیاسی پارتیش بۆ پرسی ھەڵبژاردن ھەڵوێستێکی نیشتیمانپەروەرانەیە و بەبێ جێبەجێکردنی مەرجەکانی پارتیش بەشداری ھیچ پرۆسەیەکی ھەڵبژاردن ناکات لە ھەرێمی کوردستان، ھەڵوێستەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە.

د.مەیادە نەجاڕ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: من پێشبینی دەکەم مەرجەکانی پارتی جێبەجێ بکرێن، چونکە بەبێ پارتی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان کارێکی ئەستەمە، لەبەر ئەوەیش چاوەڕێ دەکەین داواکارییەکانی پارتی جێبەجێ بکرێن و پارتی بەشداربێت لە ھەڵبژاردن، بەپێچەوانەوە پارتی مەرجی پێشوەختەی ھەیە بۆ بەشداری کردن لە ھەڵبژاردن.

قائید میرۆ