Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ى محه‌ممه‌دى مه‌لاكه‌ریمى موده‌ڕیس ده‌كات

 

هەولێر-KDP.info-  به‌بۆنه‌ى كۆچى دواییى نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و ڕووناكبیرى كورد محه‌ممه‌دى مه‌لاكه‌ریمى موده‌ڕیسه‌وه‌، (نێچیرڤان بارزانى) سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان په‌یامێكى سه‌ره‌خۆشى ئاراسته‌ى خانه‌واده‌ى به‌ڕێزیان كرد، ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تى:

به‌ داخێكى زۆره‌وه‌ هه‌واڵى كۆچى دواییى نووسه‌ر و وه‌رگێڕ و ڕووناكبیر و كه‌سایه‌تیى دیارى كورد، خوا لێى خۆش بێت مامۆستا محه‌مه‌دى مه‌لا كه‌ریمى موده‌ڕیس ـ م پێگه‌یشت. به‌م بۆنه‌ خه‌مناكه‌وه‌، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكار و دۆست و یارانى ده‌كه‌م، خواى گه‌وره‌ سه‌بوورییان بداتێ و گیانى ئه‌ویش به‌ به‌هه‌شت شاد بكات.

مامۆستا محه‌مه‌دى مه‌لا كه‌ریمى موده‌ڕیس خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێكى به‌بڕشت و دیارى كورده‌، له‌ خانه‌واده‌یه‌كى به‌ڕێز و دیارى كوردستانه‌ كه‌ نزیكه‌ى كتێبخانه‌یه‌ك به‌رهه‌مى به‌پێزیان نووسیوه‌، بۆیه‌ له‌ده‌ستدانى زیانێكى گه‌وره‌یه‌ و بۆشاییه‌كى به‌رچاو له‌ جیهانى نووسین و ئه‌ده‌بى كوردیدا جێده‌هێڵێت و به‌ ئاسانى پڕنابێته‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌ بوارى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ ده‌قه‌ كلاسیكییه‌كانى كورد كه‌ ئه‌و زۆر سه‌ركه‌وتوانه‌ كارى له‌سه‌ر كردووه‌. مامۆستا محه‌مه‌د به‌ كار و نووسین و به‌رهه‌مه‌كانى، هه‌میشه‌ له‌ناو ئێمه‌دا ئاماده‌یى ده‌بێت و بیرناچێته‌وه‌.

هاوده‌ردى و هاوخه‌میم له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌ى به‌ڕێزیان دووپات ده‌كه‌مه‌وه‌، هیوادارم ئه‌مه‌ دوایین خه‌م و دوایین كۆستیان بێت.

نێچیرڤان  بارزانى
سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان
12.3.2017