Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانى: بۆ یه‌كڕیزى و خۆئاماده‌كردن بۆ قۆناغه‌كانى داهاتوو، پارتی ده‌رگاكانی به‌ كراوه‌یى ده‌هێڵێته‌وه‌

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ یادى 70 ساڵه‌ى دامه‌رزاندنى پارتیدا، نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان ڕایده‌گه‌یێنێ، بۆ چاره‌سه‌رى گرفت و كێشه‌ ناوخۆییه‌كان، پارتى هه‌میشه به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ر و نابێته‌ هۆى ئاڵۆزكردنى زیاترى ناكۆكییه‌كان، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌دات و هه‌موو ده‌رگایه‌ك بۆ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان و یه‌كڕیزى و خۆئاماده‌كردن بۆ قۆناغه‌كانى داهاتوو به‌ كراوه‌یى ده‌هێڵێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاوكارانیشى له‌ حكوومه‌ت به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵى باشكردنى دۆخى ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتیاندایه‌.


ده‌قی په‌یامى نێچیرڤان بارزانى جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان، له‌ یادى 70 ساڵه‌ى دامه‌رزاندنى پارتیدا:


خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان،
جه‌نابى سه‌رۆك بارزانى،
پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان،
به‌ڕێزان مه‌كته‌بى سیاسى، ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى، ته‌واوى لق و ناوچه‌ و ڕێكخراو و ڕێكخستنه‌كان، ئه‌ندامان، دۆستان و لایه‌نگرانى پارتیمان له‌ هه‌ر كوێیه‌ك بن. یادى 70 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى پارتیمان پارتى دیموكراتى كوردستان، به‌ گه‌رمى له‌ هه‌مووتان پیرۆز ده‌كه‌م، هیواى سه‌ركه‌وتنان بۆ ده‌خوازم.

به‌رله‌ 70 ساڵ پارتى وه‌ك پێویستییه‌كى گه‌وره‌ى واقعى سیاسى‌ و كۆمه‌ڵایه‌تیى ئه‌وساى كوردستان و وه‌ك هه‌نگاوێكى مێژوویى له‌دایك بوو كه‌ دنیاى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى به ته‌واوى له‌گه‌ڵ ئه‌مڕۆدا جیاواز بوو، به‌ درێژاییى 70 ساڵى ڕابردوویش له‌گه‌ڵ هه‌موو گۆڕانكارییه‌ خێرا و له‌ناكاوه‌كان خۆى گونجاندووه‌ و به‌پێى هه‌موو كات و سه‌رده‌مه‌كان خه‌بات و تێكۆشانى كردووه‌. ئه‌مڕۆیش پارتى وه‌ك پێویستییه‌كى له‌پێشى كوردستان به‌رده‌وامى به‌ خه‌بات و تێكۆشان ده‌دات.

ئه‌م یاده‌ مه‌زنه‌ له‌ كاتێكدا ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ زۆرێك له‌و ئامانجانه‌ى پارتى له‌ پێناویاندا دامه‌زرا و له‌ ماوه‌ى 70 ساڵى ته‌مه‌نیدا به‌ هه‌زاران شه‌هیدى له‌پێناو كوردستاندا به‌خشى، هاتوونه‌ته‌ دى، بۆ قۆناغ و پێداویستییه‌كانى ئاینده‌ و بۆ گه‌یشتن به‌ سه‌ركه‌وتنى یه‌كجاره‌كییش، پارتى به‌ هێز و توانا و ئه‌زموون و مێژوو و خه‌ڵك و جه‌ماوه‌رى خۆیه‌وه‌، له‌ هه‌وڵ و خه‌بات و تێكۆشانى به‌رده‌وامدایه‌ و به‌رچاوى ڕوونه‌ كه‌ به‌ یه‌كڕیزى و هاوخه‌باتیى كوردستانیان، هه‌موو ئامانجه‌كانمان به‌دی ده‌هێنین و خه‌ونى هه‌زاران شه‌هید كه‌ له‌پێناوى كوردستاندا گیانى پیرۆزیان به‌خشى، ده‌بێته‌ ڕاستى.

به‌هۆى دۆخى نه‌خوازراوى ئه‌مڕۆى كوردستانه‌وه‌، ئه‌ندامان و لایه‌نگران و خه‌ڵكى پارتى و جه‌ماوه‌رى كوردستان به‌گشتى، به‌رگه‌ى زۆر سه‌ختییان گرتووه‌ و ده‌گرن، كه‌ مایه‌ى ئه‌وپه‌ڕى ڕێز و پێزانین و هه‌ستكردنه‌ به‌ به‌رپرسیاره‌تى له‌ قۆناغێكى سه‌ختى ڕاگوزه‌ردا كه‌ به‌ هه‌وڵ و خه‌بات و قوربانیدانى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و به‌ خۆڕاگریى گه‌له‌كه‌مان، سه‌ركه‌وتن و به‌دیهاتنى ئامانجه‌ له‌مێژینه‌كانى گه‌لى كوردستانیان به‌ دواوه‌یه‌.

وه‌ك چۆن هه‌میشه‌ له‌ ڕۆژه‌ تاریكه‌كاندا، پارتى ڕاده‌ست نه‌بووه‌ و به‌ ئومێده‌وه‌ سه‌یرى دواڕۆژى كردووه‌، ئه‌مڕۆیش وێڕاى هه‌موو سه‌ختییه‌كان، به‌ ئومێدێكى گه‌وره‌وه‌ له‌ سبه‌ى ده‌ڕوانێت و به‌ قورساییى 70 ساڵه‌ى ته‌مه‌نى و به‌و متمانه‌ گه‌وره‌یه‌ى له‌ گه‌لى كوردستانه‌وه‌ به‌ده‌ستى هێناوه‌، به‌ به‌رچاوڕوونى و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌ تێكۆشان به‌ره‌و سه‌ركه‌وتنى یه‌كجاره‌كى به‌رده‌وامه‌ و به‌رده‌وام ده‌بێت، دڵنیاین كه‌ ئاینده‌یه‌كى ڕووناك و گه‌شتر چاوه‌ڕێمان ده‌كات.

بۆ چاره‌سه‌رى گرفت و كێشه‌ ناوخۆییه‌كانیش، پارتى هه‌میشه به‌شێكه‌ له‌ چاره‌سه‌ر و نابێته‌ هۆى ئاڵۆزكردنى زیاترى ناكۆكییه‌كان، بۆیه‌ هه‌وڵ ده‌دات و هه‌موو ده‌رگایه‌ك بۆ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان و یه‌كڕیزى و خۆئاماده‌كردن بۆ قۆناغه‌كانى داهاتوو به‌ كراوه‌یى ده‌هێڵێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ هاوكارانیشى له‌ حكوومه‌ت به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵى باشكردنى دۆخى ژیان و گوزه‌رانى هاووڵاتیاندایه‌.

پارتی وه‌ك هێزێكی به‌رپرسی مێژووییی كوردستان، چه‌ترێكی نیشتمانی، دیموكراتی، سنگفراوانی و له‌خۆبوورده‌ بووه و ده‌بێت‌. هه‌ر ئه‌م سیفه‌تانه‌یه‌ پارتی گه‌یاندووه‌ته‌ خزمه‌تی 70 ساڵه‌ی گه‌لی كوردستان. شانازى به‌وه‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هه‌مه‌ڕه‌نگیی پێكهاته‌ی پارتی، به ‌خه‌ڵك و بیروبۆچوونى جیاوازمانه‌وه‌، هه‌میشه‌ بووه‌ته‌ سه‌رچاوه‌ی هێز بۆ پارتی تا بتوانێت خۆى له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریی خێرای ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی سه‌رده‌م بگونجێنێت و بۆ هه‌ر قۆناغێك ستراتیژی جیاواز و گونجاوى هه‌بێت.

له‌م یاده‌دا كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كانى پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان و پیرۆزبایى و ده‌ستخۆشییان لێ ده‌كه‌ین، به‌ ڕێز و پێزانییه‌وه، یادى‌ دامه‌زرێنه‌رى پارتى مسته‌فا بارزانیى نه‌مر و ته‌واوى شه‌هیدان ده‌كه‌ینه‌وه‌ و سه‌رى ڕێز و نه‌وازش به‌رامبه‌ر به‌ مه‌زنى و گیانى پیرۆزیان داده‌نه‌وێنین. هیواى زووچاكبوونه‌وه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ برینداره‌كان ده‌خوازین.

دووباره‌ یادى 70 ساڵه‌ى پارتیتان پیرۆز بێت،
سه‌ركه‌وتن بۆ كوردستان.

نێچیرڤان بارزانى
جێگرى سه‌رۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان.
15.8.2016