Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌ هه‌ڵیانكوتایه‌ سه‌ر 11 ئۆتۆمبێلی گه‌شتیارانی هه‌رێم.. ئافره‌تێك بریندار كرا

هه‌ولێر-KDP.info-  سه‌عات سێی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، لایه‌نگر و هه‌وادارانی په‌كه‌كه‌، له‌ ده‌ڤه‌ری جه‌زیره‌ و شارۆچكه‌ی سلۆپیی باكووری كوردستان، به‌ به‌رد و دار و ده‌مانچه‌ هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر 11 ئۆتۆمبێلی گه‌شتیارانی هه‌رێمی كوردستان و زیانی زۆری ماڵییان پێ گه‌یاندوون.

سه‌رچاوه‌یه‌كی باوه‌ڕپێكراو له‌ ده‌ڤه‌ری جه‌زیره‌ی باكووری كوردستانه‌وه‌ بۆ KDP.info  ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی ڕێگریكردن و هێرشه‌كه‌ی لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌ له‌ جه‌زیره‌ و سلۆپی، جه‌ختی كرده‌وه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی گه‌شت ده‌كات مه‌رج نییه‌ سه‌ر به‌ لایه‌نێكی دیاریكراو بن ته‌نیا ئه‌وه‌ ڕوونه‌ كه‌ خه‌ڵكی باشووری كوردستانن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا ئه‌وان به‌ دار و به‌رد و شیش هێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر 10 ئۆتۆمبێلی گه‌شتیارانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و زیانی زۆریان پێ گه‌یاندوون، هه‌روه‌ها به‌ چه‌كی جۆری ده‌مانچه‌یش هیێرشیان كردووه‌ته‌ سه‌ر ئۆتۆمبێلێك و تایه‌كانیان ته‌قاندوونه‌ و ئۆتۆمبێله‌كه‌یشیان په‌ك خستووه‌، كه‌ له‌ ئاكامدا ئافره‌تێكی نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌ سووكی بریندار بووه‌.

ئه‌و سه‌چاوه‌یه‌ی KDP.info، زیاتر له‌باره‌ی هێرشه‌كه‌ی لایه‌نگرانی په‌كه‌كه‌وه‌ دوا و گوتی، ئه‌وان هه‌ر به‌ په‌لاماردانی و ئازاردانی سه‌رنشینانی ئۆتۆمبێله‌كانه‌وه‌ نه‌وه‌ستاون، به‌ڵكه‌ ڕێگریشیان كردووه‌ كه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ هه‌رێمی كوردستان، تا كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ی پۆلیسی ناوچه‌كه‌ فریایان بكه‌وێ و له‌ ڕێی به‌كارهێنانی گازی فرمێسكڕێژه‌وه‌، بڵاوه‌ی به‌ ڕێگه‌ره‌كان كردووه‌ و گه‌شتیارانی هه‌رێمی كوردستانیان له‌ چنگ لایه‌نگرانی حزبی په‌كه‌كه‌ ده‌رباز كردوون و گه‌یاندوویاننه‌ته‌وه‌ نزیك سنوور.

سه‌رچاوه‌كه‌ ڕوونی كرده‌وه‌، بیانووی ئه‌و لایه‌نگرانه‌ی په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ گوایه‌ جه‌نابی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان لاری نه‌بووه‌ له‌وه‌ی سوپای توركیا ئاسمانه‌هێرشه‌كانی هاوتای داعش بۆ سه‌ر چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ به‌رپا بكات، ئه‌مه‌یش له‌ كاتێكدایه‌ كه‌، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی گه‌لێك روونی دا كه‌ بۆ ته‌واوی كوردستانیان ڕوون بوو كه‌، ئه‌و هیچ وه‌خت باوه‌ڕی به‌ چاره‌كردنی كێشه‌كان به‌ خوێنڕشتن نه‌بووه‌ و نییه‌، ئامۆژگاری و داواكاریشی ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ هه‌ردوو لا(حكوومه‌تی توركیا و په‌كه‌كه‌) بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ، چونكه‌ دواجار دانوستانه‌ كه‌ كێشه‌كان یه‌كلا ده‌كاته‌وه‌.