Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فازڵ نەبی موژدەی خۆشی پێیە.. 17%ـی پشكی هەرێم لە بودجە جێگیر كرایەوە

بەغدا-KDP.info-  بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، ئەمڕۆ 17%-ی پشكی هەرێمیان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا جێگیر كردووە و، زۆر لەو بڕگانەی دژی هەرێم بوون، لایانداون و، هەندێ بڕگە ماون کە ئەوانیش ئێستا ریككەوتنیان بۆی كردووە تا لەگەڵ هەرێم، بە شێوەیەكی دی بیان نووسنەوە، یان هەندێكیان لابدەن، باوەڕیشی وایە پڕۆژەیاسای بودجە كە بەیانی دەستكاری دەكەن، بە دڵی هەموو لایەك دەبێت.

بریكاری وەزارەتی داراییی عێراق(فازڵ نەبی)، تایبەت بە KDP.infoـی راگەیاند كە، "ئێوارەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، كۆبوونەوەی ساز كرد و، لە كۆبوونەوەكەیشدا وەزیری داراییی عێراق (هۆشیار زێباری) خوێندنەوەیەكی گشتی پێوەست بە پڕۆژەیاسای بودجە كرد و، جێگای رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران بوو و، هەندێ تێبینیان هەبوو بۆئەوەی بتوانین هەندێك لەو تێبینیانە بە هەند وەربگرین، لەهەمان كاتدا ئێمە لەگەڵ وەزیری داراییی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش پێوەندیمان كرد، بە فەرمانی جەنابی وەزیر، تا ئەوانیش لەو تێبینیانەی هەن، ئەمشەو ئامادەی بكەن و بۆمانی بنێرنەوە."
(فازڵ نەبی) بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق، دەشڵێت، "پێوەست بەو تێبینیانە بەیانی كۆ دەبینەوە، وەك وەزارەتی داراییی حكوومەتی عێراق، گشت تێبینییەكان بە هەند وەردەگرین، تا لە كۆبوونەوەی رۆژی شەممەی داهاتوو، دووبارە كۆپیێكی پڕۆژەیاسای بودجەی نوێ پێشكەش بكەین، تا رۆژی شەممە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند بكرێت و، هەوڵ بدرێت رەوانەی پەرلەمانی عێراق بكرێت."

(فازڵ نەبی)، ئاماژەی دا، "كۆبوونەكە دەرفەتێك بوو، تا بۆچوونی هەموو لایەنەكانمان پێ بگات، چونكە دوێنێ بە خێرایی داوایان لە ئێمە كرد بودجە بنێرین، هەندێك لە تێبینییەكانی كوردستانمان بە هەند وەرگرتوون، بەڵام هەمووی نا، ئەمڕۆیش پەیوەندیمان پێوە كردنەوە لەسەر داوای وەزیری دارایی (هۆشیار زێباری) بۆ ئەوەی چ تێبینییەكیان هەیە بۆمان بنێرن، ئەمشەویش تێبینییەكانی هەرێمی كوردستانیشمان پێ دەگات، ئێمەیش بەیانی زوو كۆ دەبینەوە، تا هەموو ئەو تێبینیانە بە هەند وەربگرین، من زۆر گەشبینم كەن بودجە لە رۆژی شەممەی داهاتوو لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسەند دەكرێت و رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەكرێت."
(نەبی) گوتیشی، "وەزارەتی دارایی زۆر بە پڕۆژەیاسای بودجەوە ماندوو بوو، چونكە كاری شەش مانگمان بە دوو هەفتە تەواو كرد و، هەڵبەت كاری بودجە ساڵانە شەش مانگی بۆ تەواوكردن دەوێت، بەڵام ئەمساڵ لەبەر ئەوەی هیچ نەكرابوو، تا ئەو رۆژەی ئێمە گەڕاوینەتەوە وەزارەت، ئەنجوومەنی وەزیرانیش داوایان لە (هۆشیار زێباری) كردبوو كە، دەبێت لە ماوەی دوو هەفتەدا بودجە پێشكەش بكرێت، ئێمە سەركەوتووین لەوەی كە بتوانین بە سەرپەرشتیی جەنابی وەزیر بودجەكە ئامادە بكەین و، ئەو تێبینیانەی كە پێمان گەییشتوون لە چاو ساڵانی پێشووتر، تێبینیی كەمتر بوون."
(فازڵ نەبی) جەختی كردەوە، "17%ـی پشكی هەرێممان لە پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق جێگیر كردووە و، زۆر لەو بڕگانەی دژی هەرێم بوون، هەڵمانگرتن و هەندێ بڕگە ماون، ئەوانیش ئێستا ریككەوتنمان بۆی كردووە تا لەگەڵ هەرێم، بە شێوەیەكی دی بیان نووسینەوە، یان هەندێكیان لابدەین، لەو بڕوایەم پڕۆژەیاسای بودجە كە بەیانی دەستكاری دەكەین، بە دڵی هەموو لایەك دەبێت."