Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەو نەوتەی هەناردە كراوە، هەمووی فرۆشراوە.. هەرێم بە داهاتی نەوت پێداویستییەكانی دابین دەكات

کەشيێکي نەوتهەڵگر. ئەرشيڤ

بەغدا- تایبەت بە KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاشكرای كرد کە، ئەگەرچێ هەرێمی كوردستان لە ئێستادا ناتوانێ هەموو پێداویستییە داراییەكانی خۆی بە داهاتی نەوت دابین بكات، بەڵام تا كۆتایی ئەمساڵ هەموو پێداویستییە داراییەكان بەو داهاتە دابین دەكات. گوتیشی، ئەو نەوتەی هەناردە كراوە هەمووی فرۆشراوە.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق نەجیبە نەجیب، بۆ kdp.infoگوتی: هەرێمی كوردستان لە فرۆشتنی نەوتدا پشوودرێژ بوو تاوەكو لەگەڵ بەغدا بگەنە رێككەوتن، بەڵام كە بەشەبودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی، ناچار بوو لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا نەوتی خۆی بفرۆشێت.

نەجیبە نەجیب گوتیشی: لە ئێستادا هەرێمی كوردستان ناتوانێ بە داهاتی نەوت هەموو پێداویستییەكانی خۆی دابین بكات، بەڵام وەكو قۆناخی یەكەم مووچەی فەرمانبەران دەتوانێ بدات و تاكۆتایی ئەمساڵیش هەموو پێداویستییە داراییەكانی بەو داهاتە دابین دەكات.

ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی رەتیشی كردەوە كە هیچ وڵاتێك ئامادە نەبێت نەوتی هەرێمی كوردستان بكرێت و گوتی: هەرێمی كوردستان تاوەكو رێككەوتن بۆ فرۆشتنی نەوت لەگەڵ كۆمانیاكان نەكات، نەوت هەناردەی بازاڕەكانی جیهان ناكات، بۆیە ئەو نەوتەی هەناردە كراوە هەمووی فرۆشراوە، لەبەر ئەوەی وڵاتانی ئەورووپا زۆر پێویستیان بە نەوت هەیە.

بڵند ئیبراهیم