نووسەر و رۆژنامەنووسی ناوداری كورد محەمەدی مەلا كەریم، زۆر بە بایەخەوە دەڕوانێتە سازدانی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و ئەو هەوڵەی سەرۆك مسعود بارزانی بەرز دەنرخێنێ بۆ رێكخستنەوەی ماڵی گەورەی كوردان و گفتوگۆ كردن لەسەر ئەو ئاراستە جیاجیایانەی كە پرسی كورد بە گشتی دەبەنە پێشەوە.
محەمەدی مەلا كەریم بۆ رۆژنامەی هەولێر گوتی "كۆنگرەیەكی نەتەوەیی كە نوێنەرانی هەر چوار پارچە لێكجیاكراوەكانی كوردستان و نوێنەرانی كوردە پەرتەوازەكانی وڵاتانی هەر پێنج كیشوەرەكەی جیهانی تێدا كۆ ببێتەوە و بەرنامەیەك بۆ كۆنگرەكەیان دابنێن و تێیدا گیروگرفتەكانی ئەمڕۆی نەتەوەی كورد و وڵاتی كوردستان بگرێتە خۆی، پاشان لێكۆڵینەوە لە گیروگرفتەكانی بكات و بە دوای دۆزینەوەی چارەسەردا بگەڕێت لە سنووری ئەو توانا و دەسەڵاتەی ئەمڕۆكەی سەرجەم بزووتنەوەكانی كورد،
هەرلایەك و لە باری سەرنج و بۆچوونی خۆیەوە، بە رەچاوكردنی بارودۆخی ئەو رۆژە، ئەركێكی پیرۆز و كارێكی پێویست و بایەخدارە بۆ هەر هەموو نەتەوەی كورد كە دیارە سەرۆكی ئەمڕۆی نەتەوەی كورد مەسعود بارزانی بە رۆحێكی نەتەوەیی بەرزەوە بیری لێكردووەتەوە و خستوویەتییە بەردەم هەموو كۆڕ و كۆمەڵ و پارتەكانی كوردستان و داوای لێ كردوون لەو كۆنگرەیەدا كۆ ببنەوە بۆ گفتوگۆكردن و دیالۆگ سازكردن لە هەموو بارێكەوە كە لە سنووری دەسەڵاتی ئەواندا بێت، ئەوانیش لە هەموو لایەكەوە لە رووی هەستكردن بە بەرپرسیاریەتیی مێژوویی بە دەنگییەوە هاتوون. دیارە لە رۆژانی دیكەدا دەست بە هەنگاوە پیشینەكانی بەستنی ئەم كۆنگرەیە دەكرێت".
گوتیشی "بێ شك هەر كوردێكی نیشتمانپەروەر كە دەچێتە كۆڕی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانییەوە، هەنگاو بە هەنگاو پێشكەوتن بەدی دێنێ لە قۆناغەكانی خەباتدا، ئەوەی زیاتر لە بەرچاودا روون دەبێتەوە و درك بەوە دەكات كە ئەم نەتەوە و ئەو وڵاتەی ئەوی تێدا دەژیت، كەم تا زۆر لە بارودۆخێكی نائاساییدایە، بۆیە دەبێت خەباتی بۆ بكرێت بە مەبەستی خاوكردنەوەی ئەو بارە نالەبارە كە هەر تەنها گیروگرفتێكی نەتەوەیی هەرێمی نییە، بەڵكو ئەركێكە رووبەڕووی هەر چوار پارچەی كوردستان بووەتەوە، لەو پێودانگەوە هەنگاوی یەكەم لەم بوارەدا گوێ لەیەكگرتن و لێكگەیشتن و رێزگرتنە لە مافی ڕادەربڕین و تێكەڵبەیەكنەكردنی حەز و تواناكان".
محەمەدی مەلا كەریم، ڕوونیشی كردەوە كە "گومانی تێدا نییە سازدانی ئەم كۆنگرەیە كارێك نییە نەیاران و ناحەزانی كورد و كوردستان لە هیچ لایەك پێیان خۆش بێت و هەوڵ نەدەن بۆ تەگەرە هێنانە ڕێی سەركەوتنی ئامانجەكانی، تەنانەت لە كەمترین سنووریشدا، بۆیە دەبێ بەوپەڕی وریاییەوە ئاگاداری ئەوە بن كارێك نەكرێ كە ئەو لایەنە ناحەزانە بورووژێنن و بیانوو بۆ خراپەكاری بدەینە دەستییان، ئێمە چەند ئەوەندەی سەركەوتن لەم كۆنگرەیەدا بە دەست بێنین، با كەمیش بێت لە چاو رۆژی ئەمڕۆماندا زۆرە و گرنگ بەردەوامییە لەسەر ئەم ڕێبازە ڕاستەی تێكۆشەر و سەرۆك مسعود بارزانی."
گوتیشی "هیوای سەركەوتن بۆ ئەم كۆنگرەیە دەخوازم، ئاواتەخوازین كۆنگرەی نەتەوەیی بتوانێت رێگەیەكی راست و دروست بۆ كاركردنی لەمەولای كورد و بەئاواتگەیشتنی نەتەوەی كورد دابنێ، بە ئامانجی گەیشتن بە یەكێتی و یەكپارچەیی كوردستان، جارێكی تر پیرۆزبایی گەرمم بۆ سەرۆك بارزانی و دەست پێشخەرییە نەتەوەییەكەی".