Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. ناڤسەر نووری بۆ KDP.info: مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لەگەڵ بەغدا هاوتا دەکرێت

هەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕایگەیاند: "بەپێی لێکتێگەیشتنی هەردوولا، بڕیارە مووچەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا هاوتا بکرێت و لە ئێستاشدا خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانین."

د. ناڤسەر نووری عەبدال، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای سەردانی شاندی وەزارەتی شەهیدان بۆ بەغدا، ئێستا لێکتێگەیشتن هەیە بۆ هاوتاکردنی مووچەی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان. بەپێی یاسا و ئەو لێکتێگەیشتنەی لەنێوان هەردوولادا هەیە، داوامان کردووە مووچەی شەهیدانی جینۆساید و سەنگەر هاوشێوەی مووچەی شەهیدانی عێراق بپێورێت و بکرێتە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار، هەروەها مووچەی شەهیدانی هاووڵاتییش لە ٢٥٠ هەزار دینارەوە بەرز بکرێتەوە بۆ ٦٠٠ هەزار دینار."

لەبارەی زیندانیانی سیاسییەوە، بریکاری وەزارەتی شەهیدان گوتی: "شایستەی زیندانیانی سیاسی لە بەغدا زیاترە و دەمانەوێت مووچەی زیندانیان و ڕاگیراوانی سیاسیی هەرێمی کوردستانیش هاوتا بکرێت. بەپێی دوا ئامار، ٢٥ هەزار و ٨٦٨ زیندانی و ڕاگیراوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، ئەوانیش مووچەکانیان هاوتای مووچەی زیندانیانی سیاسیی بەغدا دەکرێت و دەبێتە یەک ملیۆن و ٢٠٠ هەزار دینار."

د. ناڤسەر نووری عەبدال ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئێستا خەریکی دیاریکردنی شایستەی دارایی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسین، چونکە پێویستە لەناو پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراقدا هاوتاکردنی مووچەکانیان زامن بکرێت. سەردانی شاند و پەیوەندییەکانیش بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی مووچەکان بە تەواوی هاوتا دەکرێن."

قائید میرۆ