Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەتروشی بۆ KDP.info: ڕێگە نادەین ڕەشنووسی بودجە بە زیانی مافەکانی گەلی کوردستان تێپەڕێت

​بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات لە ڕەشنووسی یاسای بودجەدا چەندین خاڵی نەرێنی و سزای نادادپەروەرانە بەرامبەر ھەرێمی کوردستان جێگیر کراون، جەختیش دەکاتەوە کە وەک فراکسیۆنە کوردییەکان لە ھەوڵی بەردەوامدان بۆ دروستکردنی ھەڵوێستێکی یەکگرتوو بە مەبەستی داکۆکیکردن لە شایستە داراییەکانی کوردستان.

​دکتۆر فەرھاد ئەتروشی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، "ھەوڵەکانمان بەردەوامن بۆ ئەوەی سەرجەم فراکسیۆنە کوردییەکان لەبارەی پرسی شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان یەکھەڵوێست ببن، لەم چوارچێوەیەشدا بە ئامادەبوونی نوێنەرانی فراکسیۆنەکان لەگەڵ وەزیری دارایی کۆبووینەوە. دوای وردبینیکردنی کۆپییەکی ڕەشنووسی بودجە، تێبینیمان کرد کە خاڵی نەرێنیی زۆر بەرامبەر ھەرێم تێدایە، لەبەر ئەوە پەلە لە تێپەڕاندنی ناکرێت و کاتی پێویست تەرخان دەکرێت تا گفتوگۆی وردی لەسەر بکرێت و ئاستەنگەکان چارەسەر بکرێن، بەتایبەتی ماددەی ١٠ کە پەیوەندیدارە بە ھەرێمی کوردستان و وردەکاریی ئاڵۆزی تێدایە."

​جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕوونیشی کردەوە، "ڕەشنووسەکە لە ٢٢ لاپەڕە پێکھاتووە و تێبینیی زۆری لەسەرە، لە کۆی ۲۱۷ ترلیۆن دیناری گشتیی بودجە، تەنیا ۱۳ ترلیۆن دینار بۆ ھەرێمی کوردستان دیاری کراوە، کە بەھۆی باسکردنی قەرزەکانەوە ئەوەشی بە تەواوی ناگاتە ھەرێم. جگە لەوەش، لە کاتێکدا ٤٧ ترلیۆن دینار بۆ کەرتی کارەبا دانراوە کە ھەرێم سوودی لێ نابینێت، بودجەی سیادیش کە بەپێی وتەی وەزیری دارایی ٧٢ ترلیۆنە لە ڕەشنووسەکەدا ئاماژەی پێنەدراوە و نرخی بەرمیلێک نەوتیش دیاری نەکراوە. ھاوکات کۆمەڵێک مەرج و سزای سەخت بەسەر ھەرێمدا سەپێنراون."

​لە کۆتاییدا دکتۆر فەرھاد ئەتروشی جەختی کردەوە، "ئێمە لە پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەموو توانامانەوە ڕێگە بە تێپەڕاندنی بودجە بەم شێوەیە نادەین و بە تەواوی داکۆکی لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان دەکەین."

 

بڵند ئیبراھیم