دهۆک-KDP.info- لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پشتگیری و بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتانی کوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان، ئامانج و وردەکاریی ئیمزاکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان فیدراسیۆنەکەیان و زانکۆی دهۆکی بۆ (KDP.info) ئاشکرا کرد.
خاتوو شیرین زەکی جندی، سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ئەمڕۆ توانیمان هەنگاوێکی مێژوویی و کرداری لەگەڵ زانکۆی دهۆک بنێین، بە مەبەستی کردنەوەی دەرگای نوێی هاوکاری و بەهێزکردنی تواناکانی ئافرەتان لە ئاستی ئەکادیمی و کۆمەڵایەتیدا. زانکۆی دهۆک یەکەمین زانکۆی کوردستانە کە ئەم هەماهەنگییە فەرمییەی لەگەڵدا ئەنجام دەدەین، کە ئەمەش نیشانەی خەمخۆری و کرانەوەی دامەزراوە ئەکادیمییەکانمانە بەرامبەر بە پرسی ئافرەت."
سەرۆکی فیدراسیۆنی ژنانی دیاسپۆرای کوردستان ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە لە فیدراسیۆنەکەماندا کە لە ساڵی ٢٠٢٣ لە وڵاتی فینلاند دامەزراوە، وەک ڕێکخراوێکی نەتەوەیی کار بۆ یەکخستنی دەنگی ئافرەتانی کوردستان لە سەرانسەری جیهان دەکەین کە ئامانجمان دروستکردنی پردێکی زانستی و بەیەکگەیشتنە لە نێوان تواناکانی ئافرەتان لە دیاسپۆرا و ناوخۆی کوردستان."
دەربارەی یەکەمین چالاكیی هاوبەشی نێوانیان، شیرین زەکی گوتی، "وەک یەکەم هەنگاوی کرداریی ئەم ڕێککەوتنە، بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی دهۆک و بە بەشداریی چەندین زانکۆی دیکەی کوردستان، کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە شاری لەندەن لەسەر (پرسی ئافرەتی کورد) ساز دەکەین. ئەم کۆنفرانسە دەرفەتێکی زێڕین دەبێت بۆ ناساندنی زیاتری دۆزی ئافرەتی کورد لە ئاستی جیهانیدا و ڕەخساندنی زەمینەی زانستی بۆ دەستنیشانکردنی ئاریشەکان و دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو."
لەکۆتاییدا شیرین زەکی جەختی لەوە کردەوە کە کارەکانیان بەردەوام دەبن بۆ خزمەتکردنی ئافرەتانی دیاسپۆرا و هەموو پارچەکانی کوردستان، تاوەکو ئافرەتی کورد بتوانێت لە گۆڕەپانی ئەکادیمی و بڕیاردانی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵی شایستەی خۆی بگێڕێت.

