هه‌ولێر-KDP.info- به ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی، له شاری هه‌ولێر ڕێوره‌سمی كۆتاییهاتنی خولی بیسته‌می په‌یمانگه‌ی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو .
ڕۆژی یه‌كشه‌ممه 4/10/2026 به ئاماده‌بوونی سه‌رۆك بارزانی، له شاری هه‌ولێر ڕێوره‌سمی كۆتاییهاتنی خولی بیسته‌می په‌یمانگه‌ی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
له ڕێوره‌سمه‌كه‌دا قادر قاچاخ به‌رپرسی په‌یمانگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیران وتاری به‌خێرهێنانی پێشكه‌ش كرد و تیایدا ئاماژه‌ی به مێژووی دامه‌زراندنی په‌یمانگه‌ی كادیران له سه‌رده‌می شۆڕشی ئه‌یلوول له‌لایه‌ن بارزانی نه‌مره‌وه كرد. هه‌روه‌ها باسی له پێویستی و گرنگی و بایه‌خی كردنه‌وه‌ی ئه‌م خولانه له پله و ئاسته جیاوازه‌كان به پێی قۆناغه‌كان و و به‌رده‌وامیدانی ئه‌م پڕۆسه‌یه كرد.

دواتر سه‌رۆك بارزانی وتارێكی پێشكه‌ش كرد و پیرۆزبایی له قوتابیانی ده‌رچووی خولی بیسته‌م كرد و سوپاسی به‌رپرسی په‌یمانگه و مامۆستایانیشی كرد له پێگه‌یاندنی ئه‌م سامانه گه‌وره‌یه، سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند ده‌بێ قوتابییانی ده‌رچوو سودی زۆر له‌و زانسته ببینن كه وه‌ریانگرتووه و گوتی، په‌روه‌رده‌ی سیاسی بۆ كادیر زۆر گرنگه به تایبه‌ت له‌م سه‌ره‌مه‌دا و ده‌بێ كادیری ئێمه چه‌كدار بێت به‌و زانسته كه بتوانێت رووبه‌ڕووی هه‌موو ته‌حه‌ددییه‌ك ببێته‌وه.
هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی ئاماژه‌ی به مێژوو و زه‌رووره‌تی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد و گوتی، ''پارتی له قۆناغێكی زۆر هه‌ستیار و زه‌حمه‌ت بۆ كورد دامه‌زراوه، به‌ڵام پارتی نه‌یهێشت نائومێدی جێگیر ببێت و ئومێدی خسته‌وه ناو ده‌روونی هه‌موو تاكی كورد.
هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی باسی له شۆڕشه‌كانی كوردستان كرد و له باسی شۆڕشی ئه‌یلوولدا ڕایگه‌یاند شۆڕشی ئه‌یلوول به سه‌ركردایه‌تیی بارزانی نه‌مر شۆڕشی هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی كورد بوو و كورد له هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان له‌و شۆڕشه‌دا به‌شدار بوون و شۆڕشی گوڵانیش ئه‌گه‌ر یارمه‌تیی برایانمان له باكوور و ڕۆژئاوا نه‌بوایه نه‌مانده‌توانی به‌رده‌وام بین. سه‌رۆك بارزانی گوتیشی، ''پارتی حه‌قیقه‌تی نه‌ته‌وه‌یی گه‌یانده هه‌موو پارچه‌كانی كوردستان و پارتی بڕوابه‌خۆبوونی دروستكرد و ئه‌مه حه‌قیقه‌ته.
هه‌ر له وتاره‌كه‌یدا سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له پێویستیی بڕوابه‌خۆبوونی تاكی كورد كرده‌وه و ڕایگه‌یاند، ''ئه‌گه‌ر خۆمان نه‌بین كه‌س نامانپارێزێت، ڕووشی كرده كادیرانی پارتی و پێی گوتن: ئه‌و بڕوایه بۆ هه‌موو تاكێكی كورد دروست بكه‌ن.
سه‌باره‌ت به دۆخی ئێستای ناوچه‌كه، سه‌رۆك بارزانی له وتاره‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه دۆخی ناوچه‌كه زۆر هه‌ستیاره و كه‌س نازانێت به‌ره‌و كوێ ده‌چێت، شه‌ڕێكی گه‌وره له مانگی شوباتی ڕابردوو ڕوویدا و هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان تا ئاستێكی زۆر له به‌ڵایه‌كی زۆر گه‌وره پارێزران. له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، سه‌رۆك بارزانی گوتی، حه‌ز ده‌كه‌ین باشترین په‌یوه‌ندیمان هه‌بێت و نه دوژمنین له‌گه‌ڵ ئێران و نه له‌گه‌ڵ توركیا و هیچ ده‌وڵه‌تێكی تر. سه‌رۆك بارزانی هیواشی خواست كه شه‌ڕی ناوچه‌كه له‌كۆڵ ببێته‌وه و به ئاشتی كۆتایی بێت.
سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵی، سه‌رۆك بارزانی ڕایگه‌یاند، ''په‌یوه‌ندییه‌كانمان ئێستا باشه و ئێمه به پێی ده‌ستوور داوا ده‌كه‌ین، داوای زیاتر له‌وه ناكه‌ین كه له ده‌ستووردا هاتووه و كه‌متر له‌وه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه قبوڵ ناكه‌ین. هه‌روه‌ها باسی له‌و ڕێككه‌وتنه كرد كه له نێوان نێچیرڤان بارزانی و هادی عامری واژوو كراوه و جه‌ختی كرده‌وه كه ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێككه‌وتنه جێبه‌جێ بكرێت باشه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر جێبه‌جێی نه‌كه‌ن، ئێمه بیر ده‌كه‌ینه‌وه هه‌ڵوێستی ئێمه چۆن ده‌بێت.
له كۆتاییشدا دووباره سه‌رۆك بارزانی پیرۆزبایی له قوتابیانی خولی بیسته‌می كادیران كرد، هه‌روه‌ها سه‌رۆك بارزانی بڕوانامه و خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی پێشكه‌شی مامۆستایان و قوتابیانی سه‌ركه‌وتوو و ده‌رچووی خولی بیسته‌می په‌یمانگه‌ی پێگه‌یاندنی كادیرانی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد كه له‌و خوله‌دا 96 كه‌س به‌شدار بوون.

