Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

د. سالار عوسمان: پشتیوانی لە ناوەندە فکری و زانستییەکانی کورد لە تاراوگە دەکەین

سویسرا-KDP.info- بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی سویسرا، زنجیرەیەک بەسەرکردنەوە و دیداری گرنگی لەگەڵ کەسایەتییە فکری، ئەدەبی، میدیایی و پەروەردەیییەکانی کورد لە تاراوگە ئەنجام دا.

د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە شاری لۆزان سەردانی (ئینستیتیوتی کوردی لە لۆزان)ی کرد و لەلایەن نەجات زانیار، سەرۆکی ئینستیتیوت و شێهموس ئۆزدەمیر، سکرتێری ئینستیتیوتەوە پێشوازیی لێ کرا. لە دیدارەکەدا گفتوگۆیەکی تێروتەسەل دەربارەی کار و چالاکییەکانی ئینستیتیوتەکە کرا، کە ناوەندێکی سەربەخۆ و زانستییە بۆ پاراستن و ناساندنی زمان، کلتوور و مێژووی کوردی. بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستخۆشی لە هەوڵەکانیان کرد و پشتیوانی و هەماهەنگیی تەواوی بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکانیان دووپات کردەوە.

لە درێژەی بەسەرکردنەوەکانیدا، د. سالار عوسمان سەردانی کۆمەڵگەی قوتابخانەکانی ناوەندی شاری (ڕەنان)ی لە هەرێمی (ڤۆ) کرد و لەلایەن ئاسۆ پیرۆتی، بەڕێوەبەری کۆمەڵگەکە پێشوازیی لێ کرا. لە میانی دیدارێکدا گفتوگۆ دەربارەی ڕەوشی پەروەردە، سیستمەکانی فێرکاری و پێگەیاندن لە ئەوروپا کرا و د. سالار عوسمان خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە کەسایەتییەکی کوردی سەرپەرشتیی ناوەندێکی پەروەردەییی گەورە لە وڵاتێکی وەک سویسرا دەکات.

هەروەها بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ژمارەیەک لە هونەرمەند، نووسەر، ڕۆژنامەنووس و تێکۆشەرانی تاراوگەی بەسەرکردەوە، لەوانە (د. حوسێن فەیلی، جەودەت سۆفی، ئاسۆ پیرۆتی، د. بابان ئیلیاسی، ئایدن دەرە و ئایدن دورماز) لە دیدارەکەدا جەختی لەسەر بایەخدانی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە بۆ سەرخستنی پڕۆژە و کارە فکری و ئەدەبییەکانیان لە ئاینده‌دا.