ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان دەڵێ، گرانکردنی نرخی سوتەمەنی لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە لەسەر کارگەکان، هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەکانی بیناسازییە لە هەرێمی کوردستاندا، جەختیشی کردەوە کە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون ناتوانن لەخۆیانەوە نرخی یەکەکان گران بکەن.
د. پشتیوان حەمەسەعید، بەڕێوەبەری شار و ناوچە پیشەسازییەکان لە دەستەی وەبەرهێنان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP.info) ڕایگەیاند، "ماوەی چەند ڕۆژێکە نرخی کەرەستەی بیناسازی هەڵکشاوە و لە ئێستادا تێچووی دروستکردنی خانوو زۆر زیاتر دەکەوێت بەراورد بە ڕابردوو. بەدواداچوونی وردمان بۆ ئەم بابەتە کردووە و دەرکەوتووە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە نرخی فرۆشتنی سوتەمەنی بە کارگەکان زۆر زیادی کردووە، واتە گرانبوونی سوتەمەنی هۆکاری سەرەکیی بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەکانی بیناسازییە، بەتایبەتی کەرەستە بنەڕەتییەکانی وەک شیش، بلۆک و چیمەنتۆ."
بەرپرسەکەی دەستەی گشتیی وەبەرهێنان دەشڵێت، "لەگەڵ خاوەن کارگەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووینەتەوە و بە گوێرەی ئاماژەی ئەوان، وەزیری نەوتی فیدراڵ پێی ڕاگەیاندوون کە بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی تەنیا بۆ ماوەی سێ مانگە و دواتر ڕەوشەکە ئاسایی دەبێتەوە، بڕیاریشە دوای ئەو ماوەیە پێداچوونەوە بە نرخەکاندا بكرێت."
پەیوەست بە ئەگەری بەرزکردنەوەی نرخی خانوو و یەکەی نیشتەجێبوون بەهۆی گرانیی کەرەستەی بیناسازییەوە، د. پشتیوان حەمەسەعید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، "ئەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون کە مۆڵەتی دەستەی وەبەرهێنانیان هەیە، بە هیچ شێوەیەک ناتوانن لەخۆیانەوە نرخی یەکەکان دەستکاری بکەن، چونکە پێشتر پرۆپۆزەڵیان پێشکەشی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی وەبەرهێنانی سنووری خۆیان کردووە و نرخی فرۆشتنی یەکەکان دیاری کراوە. هەر دەستکارییەک لە نرخەکاندا پێویستی بە ڕەزامەندی و مۆڵەتی دەستەی وەبەرهێنان هەیە."
قائید میرۆ