Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی سەندیکا لە ڕێگەی KDP.infoوە دیدگای نوێی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی سەندیکا، دەستیان بە جێبەجێکردنی بەرنامەی کاری خۆیان کردووە بە مەبەستی ئەنجامدانی ڕیفۆرم، مۆدێرنکردنی بەڕێوەبردن، ڕەخساندنی ھەلی کار و پەرەپێدانی کەرتە نوێییەکانی ئەندازیاری لە ھەرێمی کوردستان.

دکتۆر محەممەد تاھر محەممەد سەعید، سەرۆکی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "دوای کۆنگرە، بەرنامەیەکی چڕمان داڕشتووە کە لە چوار تەوەری سەرەکی پێکدێت، لەوانە ڕیفۆرمی ناوخۆیی و مۆدێرنکردنی بەڕێوەبردنی سەندیکا، ڕەخساندنی ھەلی کاری بەردەوام و بەھێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ بازاڕی کار، پەرەپێدانی کەرتە نوێ و ستراتیژییەکان، ھاوڕێ لەگەڵ پشتیوانیکردنی تازەدەرچووان و دروستکردنی پرۆگرامی گواستنەوەی ئەزموون."

دکتۆر محەممەد تاھر ئاماژەی بەوەش کرد، لەبەر ئەوەی ھەرێمی کوردستان لە ڕووی ئابووری، تەکنەلۆژیا و دیموگرافیاوە بە خێرایی لە گۆڕاندایە، پێویستە سەندیکا تەنیا ڕۆڵی دەرکردنی مۆڵەت نەبینێت، بەڵکوو ببێتە دامەزراوەیەکی ھاوچەرخ بۆ پەرەپێدانی پیشەی ئەندازیاری و ھاوتەریب بێت لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی جیھان.

لە بارەی گرنگترین ھەنگاوەکانی ڕیفۆرم و گۆڕانکاری لە سەندیکاشدا سەرۆکی سەندیکای ئەندازیاران گوتی، ''مۆدێرنکردنی سیستەمە کارگێڕییەکان لە ڕێگەی گۆڕینی دیجیتاڵی، کۆنترۆڵی دارایی شەفاف بۆ داھات و خەرجییەکان، و پێکھێنانی لیژنەی تەکنیکی پسپۆڕ و دروستکردنی پلاتفۆرمێکی مەرکەزی بۆ بەستنەوەی ئەندازیاران بە کۆمپانیاکان، جێبەجێکردنی میکانیزمێک بۆ بەشداریپێکردنی ئەندازیارانی ناوخۆ لە پرۆژە گەورەکاندا، و ھاندانی کاری ھاوبەشی نێوان کەرت گشتی و تایبەت بە جۆرێک ئەولەوییەت بۆ ئەندازیارانی کوردستان بێت، لەگەڵ فراوانکردنی ئابووری و دەرچوون لە پشتیبەستنی تەنیا بە بیناسازی و نەوت، لە ڕێگەی گرنگیدان بە وزەی نوێبووەوە (خۆر و با)، تەکنەلۆژیای بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، ژێرخانی زیرەک، بەکارھێنانی زیرەکیی دەستکرد (AI) لە ئەندازیاریدا، و تەکنەلۆژیای پیشەسازیی کشتوکاڵی.

لە کۆتاییدا، سەرۆکی سەندیکای ئەندازیارانی کوردستان جەختی کردەوە، "دیدگای نوێی سەندیکا پاراستنی شکۆمەندیی پیشەی ئەندازیاری و پشتیوانیکردنی گەنجانە، لە ئێستاشدا ھەنگاوە کردارییەکانی ڕیفۆرممان دەست پێکردووە و لە داھاتوودا بەرنامەی زۆر باشترمان بۆ خزمەتکردنی ئەندازیاران دەبێت."

 

بڵند ئیبراھیم