Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدا: ھێزی عێراق لە لۆژیکی دەوڵەت و دەستووردایە

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٦/١٠/١، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە بەغدا بەشداریی لە ڕێوڕەسمی کۆتاییھاتنی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق کرد کە بە ئامادەبوونی بەڕێز عەلی فالح ئەلزەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی فیدراڵ و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی باڵا و نوێنەرانی نێودەوڵەتی بەڕێوە چوو.

‎لە ڕێورەسمەکەدا بەڕێز سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، وتارێکی پێشکەش کرد، ئەمە دەقەکەیەتی:

‎بەڕێز جەنابی عەلی فالح ئەلزەیدی

‎سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان،

‎بەڕێز سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

‎ئامادەبووان و میوانانی بەڕێز،

‎سڵاوی خواتان لێ بێت..

‎خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەم بۆنە نیشتمانییەدا لە بەغدا لەگەڵتانم، لە ساتەوەختێکی ڕاگوزەر و وەرچەرخاندا بۆ وڵاتەکەمان کە ھاوکاتە لەگەڵ کۆتاییھاتنی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق.

‎بۆ چەندین دەیە، عێراق بە قۆناغی زۆر سەخت و دژواردا تێپەڕی. کاتێکیش تیرۆریستانی داعش ھێرشیان ھێنایە سەر وڵاتەکەمان، ھەموو عێراقییەکان پێکەوە لە یەک سەنگەردا لە دژی تیرۆر وەستانەوە.

‎سوپای عێراق، پێشمەرگە، حەشدی شەعبی لەگەڵ تەواوی ھێزە چەکدار و ئەمنییەکان، بە خوێن و قوربانیدانی ھاوبەش بەرگرییان لەم نیشتمانە کرد. لێرەدا، بەوپەڕی‌ ڕێزەوە لە قوربانیدانی ھەموویان دەڕوانین. دروود و سڵاو بۆ گیانی پاکی تەواوی شەھیدان دەنێرین.

‎لەو قۆناغە سەختەدا، لەسەر داوای حکوومەتی عێراق، ئەمەریکا لەگەڵ ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و دۆستانمان، لەپاڵ ئێمەدا وەستان و ھاوکارییان کردین. ئێمە، ھەموو عێراقییەکان ئەوەمان لەبیرە و پێزانینمان بۆ پاڵپشتییان ھەیە.

‎ئەمڕۆش کە بەپێی ڕێککەوتنیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ؛ خاکی عێراق جێدەھێڵن، ئێمە ھەرگیز ئەو ھاوکاری و پشتیوانییە لەبیر ناکەین و بۆ ھەمیشە بە ‌ڕێزەوە لێی دەڕوانین، بەڵام پێزانینی ڕاستەقینە دەبێت بەرەو ھەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی نیشتمانی لە عێراق گەشە بکات.

‎پێوەری سەرکەوتنی پاڵپشتیی نێودەوڵەتی ئەوە نییە تا ھەتایە ھێزی‌ بیانی لێرە بمێنێتەوە، بەڵکوو ئەوەیە کە ئێمەی عێراقی ئەمڕۆ بەتەواوی توانامان ھەبێت بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی وڵاتەکەمان لەئەستۆ بگرین.

‎بە کۆتاییھاتنی ئەرکی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق، ئەمڕۆ دەچینە قۆناغێکی نوێوە، قۆناغی بڕوابەخۆبوون و پشتبەستن بە توانا نیشتمانییەکانمان. چاومان لەوەیە پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ھاوپەیمان، لە پێداویستییەکانی شەڕی دژی تیرۆرەوە، بگوازرێتەوە بۆ ھاوبەشییەکی درێژخایەنی ھاوسەنگ لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، وەبەرھێنان، وزە، پەروەردە، تەکنەلۆژیا و دیپلۆماسیدا.

‎ھاوبەشییەک لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش و ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەت، بە جۆرێک کە لە خزمەت ھەموو عێراق و تەواوی پێکھاتەکانی و ئارامی و سەقامگیریی ناوچەکەدا بێت.

‎ئامادەبووانی بەڕێز،

‎کاتێک ئەمڕۆ باس لە سەروەری دەکەین، دەبێ بە ڕوونی پێناسەی بکەین:

‎سەروەری، تەنیا کشانەوەی ھێزی سەربازیی بیانی نییە، بەڵکوو بەرپرسیاریەتییەکی نیشتمانییە.

‎سەروەری واتە دەوڵەت خاوەنی بڕیاری کۆتایی بێت. واتە دەستوور و فیدراڵی جێبەجێ بکرێت و دامەزراوە دەستوورییەکان مەرجەعی ھەمووان بن.

‎واتە بڕیاری شەڕ و ئاشتی تەنیا لە دەستی دەسەڵاتی شەرعیی دەوڵەتدا بێت.

‎ھێزی عێراق لە چەکی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت و لە ئاڵۆزی و ناسەقامگیریدا نییە. ھێزی عێراق لەوەدایە بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکات. لەوەدایە کە لۆژیکی دەوڵەت و دەستوور زاڵ بێت و ھاوسەنگی و مافی ھەموو پێکھاتەکانی بپارێزێت.

‎بۆیە ئیتر کاتی ئەوە ھاتووە تەواوی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی ناو ماڵی عێراقی، لە پەیوەندییەکانی ھەولێر و بەغداوە تا پرسی چەک و مافی سەرجەم پێکھاتەکان، لەسەر بنەمای دەستوور و بە ئیرادەیەکی نیشتمانیی عێراقییانە چارەسەر بکەین، نەک ڕێگە بدەین ببنە قەیرانی بەردەوام بۆ نەوەکانی داھاتوو.

‎ئێمە خوازیاری عێراقێکی دەستووریی فیدراڵی، سەقامگیر و خاوەن سەروەریی تەواوین. وڵاتێک کە بێ جیاوازی پارێزەری ژیان و ئاسایشی ھەموو پێکھاتەکان و ھاووڵاتییانی بێت. لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی ھاوبەش، پەیوەندییەکی ھاوسەنگی لەگەڵ دراوسێ و دۆستانیدا ھەبێت و نەبێتە گۆڕەپانی ململانێ، بەڵکوو ببێتە چەقی ئاشتی، گفتوگۆ و سەقامگیری بۆ تەواوی ناوچەکە.

‎ئەو عێراقە بەرپرسیاریەتیی ھاوبەشی ھەموومانە. ئێمەش لە ھەرێمی کوردستان، وەک ھەمیشە ھاوکار و پشتیوان دەبین بۆ ھەر ھەنگاوێک کە سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بەھێز بکات. لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی و تەواوی ھێز و پێکھاتەکانی عێراقدا، بە دیالۆگ و لەسەر بنەمای دەستوور کار دەکەین؛ ھاوکات جەخت لەسەر پتەوکردنی ھەماھەنگی و ھاوکاریی نێوان پێشمەرگە، سوپا و تەواوی ھێزە چەکدار و ئەمنییەکان دەکەینەوە.

‎با ئەم وەرچەرخانە بکەینە دەستپێکی متمانەیەکی پتەوتر لەنێوانماندا؛ دەستپێکی قۆناغێک کە تیایدا عێراق بە یەکڕیزی، سەروەریی یاسا و ھاوبەشیی دەستووریی ھەموو پێکھاتەکانی، بەرز و پارێزراو بێت.

زۆر سوپاستان دەکەم، ھیوای ئێوارەیەکی خۆشتان بۆ دەخوازم.