Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە هەولێر بەڕێوەدەچێت

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ، گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بەشداری ١٥ وڵات لە هەولێر بەڕێوەدەبات.

د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: گەورەترین پێشانگای تەکنەلۆژیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە ناوی هایتێکس، لە هەولێر دەکرێتەوە و یەکێکە لە گرنگترین پلاتفۆرم و پێشانگاکانی تەکنەلۆژیا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٦، کە حەوتەمین خولی خۆی بەڕێوە دەبات. ئەم پێشانگایە کۆمپانیا تەکنەلۆژییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، دامەزراوە حکوومییەکان، وەبەرهێنەران، خاوەنکاران، ستارتاپەکان، قوتابیان و سەردانیکەران لە یەک شوێن کۆدەکاتەوە، بە ئامانجی ناساندنی نوێترین تەکنەلۆژیا و داهێنان و دروستکردنی پەیوەندییە بازرگانی و وەبەرهێنانییەکان.

د. محەمەد شوکری هەروەها گوتی: ئەم پێشانگایە لە شەش تا نۆی ئۆکتۆبەر بەڕێوەدەچێت و ١٥ وڵات تێیدا بەشداری دەکەن، لەگەڵ ٢٦ ستارتاپ و بزنسێکی بچووک، و چاوەڕێ دەکرێت نزیکەی ٥٠ هەزار سەردانیکەر هەبێت.

ناوبراو باس لەوەش دەکات، لە پێشانگای هایتێکس نوێترین ئاراستەکانی تەکنەلۆژیا و داهێنان و بوارە سەرەکییەکانی ئەم بوارە پیشان دەدرێن، کە بریتین لە ژیری دەستکرد و چارەسەرەکانی، تەکنەلۆژیای تێلێکۆم و پەیوەندی، ئابووری دیجیتاڵی، پلاتفۆرمەکان، ڕۆبۆت، تەکنەلۆژیای نوێ، گەیمینگ، سپۆرتس، ئەپلیکەیشن و سۆفتوێر، تەکنەلۆژیای سولار و وزە، درۆن، چارەسەری پێشکەوتوو و کۆمپانیا ستارتاپەکان.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان هەروەها باسی لەوە کرد کە پێشانگای هایتێکس بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت و سەرکردەکانی بواری تەکنەلۆژیا، بەرپرسانی حکوومی، وەبەرهێنەران، خاوەنکاران، ئەکادیمیست و شارەزایانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە یەک سەکۆ کۆدەکاتەوە.

بڵند ئیبراهیم